قوباد تاڵەبانی وادە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان لە ئیدارەی راپەڕین دادەنێت

هاوشێوەی ئەوەی لە سلێمانی ئەنجامیدا، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی راپەڕین كۆبووەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ناوچەكە دەڵێت، ئامانج بریتییە لە رەخساندنی دەرفەتی كار و كەمكردنەوەی رۆتین تایبەت بە پرۆژەكانی وەبەرهێنان و دەشڵێت، چیتر وەبەرهێنەران بۆ كاركردن لە سنوورەكەدا بیانوویان نەماوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئیدارەی راپەڕین بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا و تا کۆبوونەوەی دووەم کێشە و گرفتی بەردەم سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین دیاریبکرێن کە داوای مۆڵەتیان کردووە و ئامادەبکرێن بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

هیوای قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پەیام و ئاراستەی جێگری سەرۆك وەزیران رەخساندنی دەرفەتی كار، كەمكردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی بیانوگرتنە بە خەڵكی وەبەرهێنە، بەمەبەستی پێشخستنی ناوچەكان بەتایبەت راپەڕین كە لە رووی وەبەرهێنانەوە، لە ساڵانی رابردوودا نەتوانراوە خزمەتێكی ئەوتۆی بكرێت.

وتیشی، “ئامانج لە كۆبوونەوەكە گرنگیپێدانە بە راپەڕین، خزمەتكردنی خەڵكەكەی، دروستكردنی دەرفەتی كار بۆ گەنج و خەڵكی سنوورەكە و ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانە لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی رۆتین و رێگری لە وەبەرهێن، لەگەڵیشیدا پشتیوانیی دامودەزگاكانی حكومەتە لەو سنوورە بۆ ئەوەی لەژێر هیچ فشارێكدا رێگری بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان دروست نەبێت”.

لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە پرۆپۆزەڵی 45 پرۆژە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەبەرهێنان كراوە، هیوا قەرەنی روونیكردەوە، جێگری سەرۆك وەزیران داوایكرد پرۆژەكانی بە لیستێك ئاراستەبكرێت و تیایدا دیاریبكرێت كە تا چ قۆناغێك رۆیشتوون، ئاستەنگەكانی بەردەمیان چین، دواتر وادەیەكی مانگانە یان دوو مانگ جارێك دیاریبكرێت بۆ بەدواداچوون و زانینی ئاستی بەرەوپێشەوەچوونی پرۆژەكان و لابردنی گرفتەكانی بەردەمیان.

ئاشكراشیكرد، بەپێی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە ئەوەی پەیوەستە بە سنوورەكە و لە دەسەڵاتی فەرمانگەكانی سنوورەكەدایە، هەر فەرمانگەیەك بەربەست دروستبكات، رووبەڕووی لێپرسینەوە و رێوشوێن دەبێتەوە. ئەوەشی پێویستی بەوەیە بڕیار و رەزامەندیی وەزارەتەكانی پێوەربگیرێت، بەڵێنی ئەوەی پێداین، خۆی پشتیوانیان بێت و ئەوەی پێویستیشی بە ئەنجومەنی وەزیرانە، لای خۆی فەرمانی پێدەربكات.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دووپاتیكردەوە، “بۆیە هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ ئەوەی وەبەرهێن نەیەتە سنوورەكە و ئیش نەكات” ئاماژەی بەوەشكرد، جێگری سەرۆك وەزیران زۆر جەختی لەسەر پرۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی لە ناوچەكەدا كردەوە داوای لێكردن تەركیزیان لەسەر ئەو جۆرە پرۆژانە بێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەتی كار بۆ خەڵكی سنوورەكە بڕەخسێت.

لە ئەیلولی ساڵی رابردوو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەیەكی هاوشێوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی ئەنجامدا و تیایدا داوایلێكردن بە زووترین كات كارەكانی ئەو 55 پرۆژەیەی وەبەرهێنان تەواو بكەن كە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە پێشكەشكراوە.

دوابەدوای كۆبوونەوەكەش كاروبار و رێوشوێنەكانی زۆرینەی پرۆژەكان تەواوكراون و لەئێستادا كاریان تیادادەكرێت و ئەمەش بووەهۆی بوژاندنەوەی كەرتی وەبەرهێنان، ئابوری و خزمەتگوزاری لە شارەكەدا.

بابەتی پێشتر

كەسێك لە سەیدسادق بە دەستڕێژی گوللـە كوژرا

بابەتی دواتر

سەباح هەورامی: سلێمانی تاكە پارێزگایە تای خوێنبەربوونی تیادا تۆمارنەكراوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنجشەممە دوا وادەیە بۆ مامۆستایان

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات ڕایدەگەیەنێت، ئەو مامۆستایانەی داواكاریی مۆڵەتی بێمووچەیان پێشكەشكردووە سبەینێ دوایین وادەیە بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمەكەیان، هاوكات وردەكاریی…
Total
0
Share