کیلیان مباپێ: ئەو ڕێزەی مێسی لە فەرەنسا شایەنی بوو بەدەستی نەهێنا

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانەی کە ئاماژە بە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکەن لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان، کیلیان مباپیی فەرەنسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی “لاگازێتا دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئەنجامدا.

“ئاسکەکەی فەرەنسا” لەبارەی چەندین دۆسیەی گەرمی میدیاییەوە لێدوانیدا و وەڵامی یەکلاکەرەوەی بە هەوادارانی بەخشی.

ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

شکستی چامپیۆنزلیگ

” بۆ یاریزانێکی وەک من لە بەرزترین ئاستدا، ئامانج ئەوەیە هەموو نازناوەکان بەدەستبهێنێت. ئێمە دەمانزانی کەموکوڕیمان هەیە و درەنگ بێت یان زوو دەبێت باجەکەی بدەین. دەبێت لە هەڵەکانی هەر وەرزێک فێربیت بۆ ئەوەی دووبارەیان نەکەیتەوە. لەسەر ئاستی تاکەکەسی، بۆ چەند ساڵێک خۆم لە ئاستێکی بەرزدا پاراستووە و دەمەوێت بەردەوام بم لە پێشکەوتن بۆ ئەوەی هەمیشە لە لووتکەدا بمێنمەوە”.

جیاوازی نێوان پاریس سان جێرمان و فەرەنسا

“هەڵبژاردەی نیشتمانی و یانە دوو دۆخی جیاوازن. لە فەرەنسا بەختمان هەیە کە کۆمەڵێک بەهرەمەندی ناوازە لە پێکهاتەکەدان، کاتێک یاریزانێکی سەرەکی دەڕوات، کەسانێک هەن دەتوانن قەرەبووی بکەنەوە، هەر ئەوەبوو وایکرد لە یاریی کۆتایی مۆندیال بەرامبەر ئەرجەنتین بگەڕێینەوە، لەکۆتاییشدا دۆڕاین. ئەنجامەکە نائومێدی کردین، بەڵام چوار ساڵی گرنگمان لە پێشە، دەتوانین کاری گەورە بکەین لە یۆرۆ، یان خولی نەتەوەکان و مۆندیالی 2026، لە پاریس سان جێرمان کێشەی تر هەیە، یانە شتێکی ترە.”

ڕۆیشتنی مێسی لە پاریس

“ئێمە باسی یاریزانێک دەکەین کە ڕەنگە باشترین یاریزان بێت لە مێژووی تۆپی پێدا، هەرگیز هەواڵێکی خۆش نییە کەسێکی وەک مێسی بڕوات، من تێنەگەیشتم بۆچی زۆر کەس ئەوەندە دڵخۆشن بە ڕۆیشتنی، پێویستە ڕێزی لێبگیرێت و ئەو ڕێزەی لە فەرەنسا شایەنی بوو بەدەستی نەهێنا. شەرمەزارییە، بەڵام ئەوە ڕوویدا و دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی جێگەی بگرینەوە”.

بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ

“هەموو کەسێک دەیەوێت چامپیۆنزلیگ بباتەوە، بەڵام دەبێت بەردەوام ئامانجت بێت و هەڵی بۆ بدەیت، ئەگەرنا لەم خولەدا هەمیشە تیپێک هەیە ڕاتدەچڵەکێنێت و بیرت دەخاتەوە کە هیچ شتێک ئاسایی نییە، کەم کەس بیریان لەوە دەکردەوە کە ئینتەر بتوانێت بگاتە یاری کۆتایی، لە بەرامبەردا نزیک بوو لە بردنەوەی ناسناوەکە، دەبێت کارێکی باش بکەیت بۆ ئەوەی لەوانی دیکە باشتر بیت.”

مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ

“ڕەنگە پەنجا ساڵ جارێک ڕووبدات کە دوو کەسی وەک مێسی و ڕۆناڵدۆ لەو ئاستانەدا بۆ ماوەیەکی دووردورێژ لە بوارەکەدا بوونیان هەبێت، لەگەڵ ئەم دووانە هەمووان کاتێکی ناوازەمان بەسەر برد و هیوادارم هاندەران سوودیان لێوەرگرتبێت، منیش چانسم هەبوو بەرامبەر کریستیانۆ و دواتر بەرامبەر لیۆ و لەگەڵ لیۆ یاریم کرد، بەڕاستی تایبەتن، زۆر شت لێیانەوە فێربووم، بەتایبەت لەگەڵ مێسی لەم دوو وەرزەدا، ئەوان مێژووی تۆپی پێیان نووسیوە، دووانەیەکی ئەبەدیین.”

ڕەگەزپەرستی لە تۆپی پێدا

“کە ڕەگەزپەرستی ڕوویدا، بۆ ئێمەی یاریزان پێویستە لە یاریگا بێینە دەرەوە و تێیانبگەیەنین کە هێزی گۆڕینی شتەکانمان هەیە، ئەگەر ئێمە ئەو کارە بکەین، ڕەگەزپەرستان تێدەگەن لەوەی دۆخەکە مەترسیدارە، لەگەڵ پاریس سان جێرمان بەرامبەر باشاکشەهیر لە چامپیۆنزلیگی ساڵی 2020 ئەو هەنگاوەمان نا و یارییەکە دووبارەکرایەوە.”

دۆسیەی ڤینیسیۆز

“ئیتر گلەییکردن بەس نییە. لەگەڵ ڤینیسیۆسدا تەواوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل هاوهەڵوێست بوون، چیتر نابێت ڕێگە بە کەمینەیەک بدرێت تۆپی پێ تێکبدات، بەدەر لە پارە و ناوبانگ، ئێمە یاری دەکەین بۆ ئەوەی چێژ بە هاندەران ببەخشین، ئەگەر وەک مەیموون مامەڵەت لەگەڵ بکەن، ئیتر ناتوانیت یاری بکەیت، دەبێت ئێمە وەک یاریزانان هاوهەڵویستیمان هەبێت، دەبوو لەگەڵ لوکاکو یاریزانانی ئینتەرمیلان و یوڤێ بێنە پێشەوە، بەڵام ئێستا هیچ هاودەنگییەک لە نێوانماندا نییە.”

پێویستە گۆڕانکاری بکرێت

“ڕەگەزپەرستی لە تۆپی پێ تێدەپەڕێت و پێویستە دامەزراوەکان بگۆڕدرێن، ئەگەر لاواز بن، ئەوا ئاسانکاری بۆ ئەم ڕەفتارانە دەکەن، دەبێت یاساکان بگۆڕدرێن، من بەش بەحاڵی خۆم وەک کاپتنی فەرەنسا شەڕی بۆ دەکەم. دەبێت ویژدانی هەموو کەسێک بەئاگا بێتەوە.”

پەیوەندی لەگەڵ ئیبراهیمۆڤیچ

“لە جیهانێکدا کە هەمووان چەپڵەت لێدەدەن، ئیبراهیمۆڤیچ ڕاستەوخۆ شتەکان بە ڕووتدا دەڵێت، لە فاینەڵی ڕۆلاند گارۆس بەیەکەوە ئامادەبووین و زیاتر باسی ژیانی نوێی ئەومان کرد، کەسێکی بەڕێز بوو.”

کۆچی دوایی بێرلۆسکۆنی

“سەرەخۆشیم بۆ خانەوادەکەی هەیە، کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە زیانێکی گەورەبوو بۆ تۆپی پێ، ئەو سەرۆکە مێژووییە بوو کە میلانۆی گەورەی دروستکرد، ئەو یانەیەی وایلێکردم لە منداڵیدا خەونی پێوە ببینم، هیوادارم هاندەران ڕێزی مێژووەکەی بگرن و بە شانوباڵیدا هەڵبدەن.”

یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ

“وەک هاندەرێکی ئەی سی میلان ئاستەمە وەسفی ئینتەرمیلان بکەم، بەڵام بە باشی ئامادەکارییان کرد و دۆخەکەیان لە سیتی قورس کرد. یارییەکە بە وردەکارییەکان یەکلایی کرایەوە، بەداخەوە تۆپی پێ بەو شێوەیە، بەڵام ئینتەر دەبێت دڵخۆش بێت بەو ئاستە و پیرۆزبایی لە سیتی دەکەم.”

 

بابەتی پێشتر

د. ئازاد مستەفا: هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵانی هەڵەبجەدا ڤایرۆسییە

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم لە 80 رۆژی هەناردە نەکردنی نەوتدا دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فاتی بەشداریی کلاسیکۆ دەکات؟

ئەستێرەی لاوی یانەی بەرشلۆنە، ئانسو فاتی نەشتەرگەری بۆ پێیەکانی ناکات و بڕیاریداوە بەشداریی کلاسیکۆی گەڕانەوەی خولی ئیسپانیا بکات.…
Total
0
Share