هۆكاری كەوتنی كرێن تاوەرەكەی سلێمانی ئاشكرادەكرێت

لیژنەی سەلامەتیی كرێكارانی سەر بە قائیمقامیەتی سلێمانی هۆكاری رووداوی كەوتنی كرێن تاوەری یەكێك لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون ئاشكرادەكات.

لیژنەی سەلامەتیی کرێکاری سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ سەردانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروو سیتی لە گەڕەكی راپەڕین کرد. قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ هۆکاری روودانی داروخان و کەوتنەخوارەوەی کرێن تاوەرەکەی ناو پرۆژەکە کرد.

پشتیوان عوسمان، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتیی کرێکار رایگەیاند، “لە دانانی کرێن تاوەرەکەدا، لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەوە رەچاوی رێنماییەکانی سەلامەتیی کرێکار نەکراوە و، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵينەوە و بەدواداچوونی لیژنەکەیان دەرکەوتووە، کە هۆکاری تێکشکاندن و کەوتنەخوارەوەی کرێن تاوەرەکە دەگەرێتەوە بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی کرێن تاوەرەکە”.

وتیشی، “بە بڕیاری دادوەر پەراوی لێکۆڵينەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، لەئێستادا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی کۆتاییش، لیژنەکەیان بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردن و بەدواداچوون، بۆ دیاریکردنی هۆکاری رووداوەکە، تاوەکو رێوشوێنی یاسایی گونجاو و پێویست لەگەڵ لایەنی کەمتەرخەم بگیرێتەبەر”.

رووداوەكە دوێنێ روویدا و بەهۆیەوە سێ كرێكار گیانیان لەدەستدا و كرێكارێكی دیكەش برینداربوو.

بابەتی پێشتر

وەزیری خوێندنی باڵا: هەر كەسێك دەستێوەردان لە تاقیكردنەوەكاندا بكات رووبەڕووی سزا دەكرێتەوە

بابەتی دواتر

كازم فاروق پەیامێكی بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share