پۆلیسی سلێمانی چوار كەس دەستگیردەكات و دەڵێت، بەنیازبوون لە كاتی تاقیكردنەوە گشتییەكاندا قۆپیە بكەن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و چاودێریكردنی چەند تۆمەتبارێك كە بەنیازبوون لەڕێی ئامێری بێتەل و مۆبایلەوە لە تاقیكردنەوە گشتییەكاندا غەش بكەن، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، چوار تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانیانەوە دەستگیركران.
لەكاتی دەستگیركردنیاندا، دەستیشگیرا بەسەر دوو ئامێری بێتەل، مۆبایل، چەند كەلوپەلێكی دیكە و ئۆتۆمبێلێکدا كە تۆمەتباران بەنیازبوون بۆ غەشكردن بەكاریبھێنن.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامە.