بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بە رێڕەوە دروستەكەدا هەنگاو دەنێت و بە هەمان رێچكەی سەردەمی سەرۆك مام جەلال درێژە بە ئەركەكانی دەدات كە خۆی لە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و خزمەتكردنی هاوڵاتییاندا دەبینێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری کۆبوونەوە و دوایین گۆڕانكارییە ئەمنییەكان و هەوڵەكان بۆ پاراستنی ئارامی و ژیانی هاوڵاتییان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەلال شێخ ناجی ئەرك و ستراتیژی نوێی ئاژانسی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم خستەڕوو و لەبەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ماندوونەناسی و هەوڵی دڵسۆزانەی جەلال شێخ ناجی كرد بۆ راپەراندنی ئەركەكانی لە قۆناغە جیاوازەكاندا و راشیگەیاند، “ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بە رێڕەوە دروستەكەدا هەنگاو دەنێت و بە هەمان رێچكەی سەردەمی سەرۆك مام جەلال درێژە بە ئەركەكانی دەدات كە خۆی لە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و خزمەتكردنی هاوڵاتییاندا دەبینێتەوە. ئەمەش مایەی خۆشحاڵیمانە و تەنیا ئامانجی ئاژانسەكە پاراستنی كوردستانە دوور لە پاوانخوازی و بەرژەوەندیی تایبەت”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی هەموو پشتیوانی و هاوکارییەكی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، “جەلال شێخ ناجی بۆ هەمیشە وەك برا و هاوڕێیەكی نزیكی من و كارەكتەرێكی دیاری یەكێتی دەمێنێتەوە، كەسایەتییەكی كاریگەری ناو دەزگا ئەمنییەكانە و مێژوویەكی درەوشاوەی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یاسا شكێناندا تۆماركردووە، لەم ئەركەشدا بەهەموو شێوەیەك پشتیوان دەبین و بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم ئەركە مێژووییە رادەپەڕێنین”.