ئەوقافی سلێمانی: لاوەند چوارباخی كە قسەی لەسەر كامێرای پۆینت تو پۆینت كردووە نەخوێندەوارە

لقی سلێمانی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان‌ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف‌ و كاروباری ئایینیی سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، “بەداخەوە چەند رۆژێكە كەسێكی نەخوێندەوار دوور لە هیچ پێگە و ئاستێكی زانستیی خۆی كردووەتە موفتی‌ و نەخوێندەوارانە كەوتووەتە قسەی زلكردن لەسەر كامێراكانی تیژڕەویی كە بە (كامێرای پۆینت تو پۆینت) ناسراوە و دەیەوێت جۆرێك لە شەرعیەتی پێبدات”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە،”كەسانی نابەرپرس لە سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان كەوتوونەتە بێڕێزیكردن بەرامبەر زانایانی ئایینی بە گشتی بەبێ ئەوەی بزانن لە كوردستان ئەنجومەنی فەتوامان هەیە و ئەم بابەتانە و هەر جۆرە پرسێكی تری هەستیاری كۆمەڵگە ئیشی ئەوانە بەپێی تایبەتمەندی قسە و فەتوای لەسەربدەن نەوەك كەسانی نەخوێندەوار و دوور لەپێگەی مەلایەتی”.
دەشڵێن، “بە پێوستمان زانی بۆ هەموو لایەكی روون بكەینەوە ئەو كەسە كە خۆی بە (لاوەند چوارباخی) ناساندووە هیچ پێگە و مەلایەتییەكی نییە و خاوەنی هیچ جۆرە وەزیفەیەكیش نییە لە وەزارەتی ئەوقاف‌ و هیچ ئەندامێتیەكی لەناو یەكێتی زانایانیش نییە”.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “هیوادارین سنووری نەخوێندەواریی خۆی لەوە زیاتر نەبەزێنێت و نەمانباتە ناو سەرجەم بابەتە كەسییەكانی خۆیەوە، پێی دەڵێین بەقەدەر كراسەكەی بەری خۆی هەڵبكێشێت هەروەك پەندەكوردییەكە دەڵێت (خۆت هەڵبكێشە پڕ بە كراسێ لە جێگایەكدا هیچ كەس نەتناسێ)”.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەرێم و بەغداد هەماهەنگ بن تا لە نزیكترین كاتدا هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوەبچێت

بابەتی دواتر

جەنگی ئاو دەستپێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share