قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەرێم و بەغداد هەماهەنگ بن تا لە نزیكترین كاتدا هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوەبچێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ئەلینا رۆمانۆڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و چۆنییەتی هاوكاریكردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان تاوتوێكران.

لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەمە، بەڕێوەچوو و تیایدا ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم ئامادەیبوو، باڵیۆزی ئەمریكا باسی سەردانەكەی خۆی بۆ شاری سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كرد.

لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە باڵیۆزی ئەمریكا كرد بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخراوەكان و هیوای خواست باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ لەمەودوا زیاتر و لە نزیكەوە كار لەگەڵ ئەو رێكخراوانە بكات و زیاتر هاوكاربێت لە گەشەپێدانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، نابێت وڵاتانی دۆست و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان تەنها گرنگی بە رێكخراوەكانی شارە گەورەكان بدەن، بەڵكو پێویستە هاوكاری رێكخراوەكانی شارۆچكەكانی دیكەش بكەن تا كۆمەڵگەی مەدەنی بەشێوەیەكی هاوسەنگ لە هەموو ناوچەكانی كوردستان گەشە بكات.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە بە گفتوگۆ هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن و قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە نیگەرانە لە بەردەوامی ناكۆكییە سیاسییەكان، بەوپێیەی كاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دروستكردووە و پێگەی هەرێمی كوردستانیشی لە بەغداد لاواز كردووە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، پێویستە هەماهەنگی هەبێت تا بتوانرێت لە ماوەیەكی نزیكدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبچێت و داواشیكرد ئەمریكا و هاوپەیمانان هاوكاربن و رۆڵی خۆیان ببینین لە نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنەكان.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواست یاساكە بە جۆرێك پەسەندبكرێت كە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراقدا بێت و داواشیكرد پەرلەمانتارانی عێراق لەكاتی دەنگدان بە پڕۆژەیاساكە بەرژەوەندییەكانی هەموو هاوڵاتییانی عێراق لەبەرچاو بگرن.

بابەتی پێشتر

هەڤاڵ ئەبوبەكر: سلێمانی شارێكی ئارامە بۆ ژیان و ئازادیی رادەربڕین

بابەتی دواتر

ئەوقافی سلێمانی: لاوەند چوارباخی كە قسەی لەسەر كامێرای پۆینت تو پۆینت كردووە نەخوێندەوارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share