مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی شەهید زیرەك عەلی لەناو بنكەیەكی ئاسایشی هەولێر، وەڵامی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دەداتەوە و دەڵێت، “یەكێتی میوان نییە، بەڵكو خاوەن ناسنامەی هەولێرە”.
بەپێی راگەیەندراوێكی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، یەكێتی بە ڕووخسەتی كەس لە هەولێر نییە و میوان نییە تا پێویستی بەوە بێت بەڕێوەبەری ئاسایش و هیچ كەسێك ئازادی كاركردن و هاتوچۆی خەڵكی یەكێتی لە هەولێر بە دەستكەوت و پاداشت بزانن و پێمان بفرۆشنەوە، بەڵكو یەكێتی خاوەن و ناسنامەی هەولێرە.
لە راگەیەندراوە هاتووە، لە وەڵامی لێدوانێكی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر كە بە حساب ناوبراو وەڵامی قسەكانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی داوەتەوە سەبارەت بە كەیسی شەهید زیرەك عەلی لەناو بنكەیەكی ئاسایشی هەولێر، ناوبراو لە وەڵامەكانی چەندان بابەتی تێكەڵكردووە و جگە لەوەش تۆمەتی نایاسایی و ناماقوڵی بۆ یەكێتی داتاشیووە و هەڵبەستووە قسەكانیشی هیچی یەكناگرنەوە، بۆیە ئێمە نەمانوویست بچینە ناو وەڵام و وەڵامكاری و مەبەستمانە ئەو دۆسیەیە بەرێكاری یاسایی و دەرەنجامی ئەو لیژنانەوە بۆ ڕایگشتی بڵاو بكرێنەوە، لای خۆشمانەوە جگە لە هەنگاو و قسەی یاسایی هیچ شتێكی ترمان نەوتووە و كەسیشمان تۆمەتبار نەكردووە و داوای سەروەریی یاسامان كردووە، بەڵام قسەكانی ناوبراو ناچاریكردین ئەو چەند قسە و ڕاستیە بۆ ئەو و ڕایگشتی بخەینە ڕوو:-
یەكەم : ناوبراو دەڵێت (لێپرسراوی مەڵبەند دەیەوێت كەیسەكە بەلاڕێدا ببات و هیچ پەیوەندییەكی خزمایەتی و نزیكی لەگەڵ ئەو كەسە نییە كە گیانیلەدەست داوە)، ئێمە پێمان خۆشە لێرە دووبارەی بكەینەوە بۆ ئەو بەڕێزە و ڕایگشتی كە شەهید ( زیرەك عەلی) كوڕی شەهیدێكی ئێمەیە و بە خێزان و كەس و كاریانەوە هەقیان بەسەر یەكێتی هەیە پارێزگاریان لێبكات كە خوێنیان بۆ كوردستان و یەكێتی ڕشتوە و قوربانییان داوە بۆ ئەوەی ئێمە و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر و هەموو خەڵك لە سایەی خوێنی ئەوان ئەمڕۆ ئازادن، ئەو ئەركەش كە پارێزگاریكردنە لەو كەیسە بە پلەی یەك دەكەوێتە سەركەسوكاری و خانەوادەی، دواتریش ئەستۆی ئێمە كە ببینە پارێزەری مافی كادیرێكی خۆمان و كوڕە شەهیدێكی حزبەكەمان كە ئەوەش بچووكترین ئەركە لەسەرمان ئەگەر جێبەجێی بكەین و سڵناكەینەوە و بە هیچ شێوەیەكیش جگە لەباسكردنی سەروەریی یاسا و چاوەڕێكردنی دەرەنجامی كاری لیژنەكان باسی هیچ هەوڵ و بابەتێك نەكراوە مەبەست لێی بەلاڕیدا بردنی كەیسەكە بێت.
دووەم: ناوبراو دەڵیت (ئەو كوڕە لەماوەی ڕابردوو چۆتە سەر خەڵك و كێشەی دروستكردووە) ، باشە كەواتە دەبێت بپرسین ناوبراو لەسەر بنەمای سكاڵای كێ ئەو كوڕەیان دەستگیركردووە ئایا چەند كەس لەوانەی ئەو چووەتە سەریان چوونەتە ئاسایش سكاڵا تۆماربكەن و ئەگەر كەسێك بچێتە ئاسایش و بڵی كێشەم هەیە ئەی ئاسایش ناڵێت ئەو سكاڵایە پەیوەست نییە بە ئێمە و كاری پۆلیس و دادگای لێكۆڵینەوەیە ! بە چ یاساو مافێك و لەسەر بنەمای سكاڵای كێ و فەرمانی كام دادوەر ئەو هێزەی ئاسایش هەڵدەكوتنە سەر كەسێك لەكاتی كاركردن كە ئەو جۆرە هەڵكوتانە و چوونە سەر خەڵكە تەنها لەكاتی بوونی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و كەیسەكانی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و ئاسایشی نەتەوەیی كاری ئاسایشە نەوەك ئەو جۆرە كەیسەی كە جەنابی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر باسی دەكات كە عوزرەكەی گەورەترە و قسەكانی دەرخەری بوونی بێئاگا بوونە لە یاسا و تەنانەت كاری دەزگاكەی خۆیشی.
سێیەم: ناوبراو باسلەوەدەكات (كادیران و خەڵكی یەكێتی لە هەولێر ئازادن) وەك ئەوەی ئەو ئازادییە خێر و پاداشت بێ بەڕێزیان بە كادیر و خەڵكی یەكێتی دا بێت و ئەمڕۆ بیەوێت منەتمان بەسەردا بكات ، ئێمە لێرە ئەوە بۆ بەڕێزی و هەموولایەك دووپاتدەكەینەوە كە یەكێتی و هەولێر دووانەیەكی لێك دانەبڕاون و یەكێتیش پێویستی بە خێر و رێگادان نییە لە هەولێر، چونكە هەم خۆمان بە خاوەنی هەولێر دەزانین و هەمیش مێژوو شاهیدە لە ڕۆژانی راپەڕین تا ئەمڕۆ و شەڕی دژی تیرۆریستان كێ قوربانی بۆ ئەو شارە داوە و سەرقافڵەی راپەڕین بووە، بۆیە بەڵێ ئێمە لە هەولێرین و ئازاو ئازادین، ئەوە ئێمە و كادیرانی ئێمەش نین كێشە و تاوانیان لەو شارە ئەنجامدابێت و خەڵكیان بێزاركردبێت، نامانەوێن كەیسەكان هەڵدەینەوە، بەڵام ویژدانی خەڵك و مێژوو هەمووی تۆماركردووە چۆن لەسەر فول لایت و شكانەوەی ئۆتۆمبیل و گۆرانی گوتن و گردبوونەوەی مامۆستایان و شتی تر چۆن شەق لە خەڵك دراو و ئەشكەنجە دراوە و سەری تاشراوە.
چوارەم: لەكۆتاییدا ناوبراو بەبێ بەڵگە و دوور لەبنەما یاسایی و پێوەرەكان تۆمەتی ئەوە بۆ یەكێتی دەبەخشێتەوە لە هەولێر دەڵێت (ئەگەر یەكێتی بیەوێت بەو كارەی پەردەپۆشی كارە تیرۆریستییەكانی خۆیان بكەن ئەوە ڕێگەیان پێنادرێت !) ئێمە دەپرسین لەكام دادگا و بە چ مافێك جەنابیان تۆمەتی تیرۆر دەخاتە پاڵ یەكێتی؟ ئەگەر بەڵگەیان لایە یەكێتی پەردەپۆشی كەیسێكی تیرۆری كردووە ئەی چۆن قبووڵیان كردووە و چۆن رێگایان داوە؟ ئەی دەزگاكەی بەڕێزی كاری چییە؟ ئێ خۆ بە پێی یاسا كاری بە دواداچوون و دەستگیركردنی تیرۆریستان و رێگریكردن لە مەترسیەكانی تیرۆر و پارێزگاریكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی بەحساب ئەركی دەزگاكەی بەڕێزیانە نەوەك كەیسی كێشە و دەمەقاڵێی نێوان دووكەس و ئەوجا هەڵكوتانە سەر خەڵك و بردنی بێ بڕیاری دادگا و لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵی، یان رەنگە هێشتا ناوبراو ئاشنای كار و ئەركەكانی دەزگاكەی نییە یان نایەوێت بیزانێ!!
ئێمە ئەوە ڕادەگەیەنین ناوبراو بەرامبەر ئەو و تەو لێدوانانە و تۆمەت بەخشینەوە بۆ یەكێتی و تەنانەت تۆمەت بەخشینەوە بۆ شەهید زیرەكیش كە دەڵێت چۆتە سەر خەڵك و كێشەی دروستكردووە پێویستە ئەو وتانەی بسەلمێنێت بۆ دادگا و لە بەرامبەر یاساش بەرپرسیارە و یەكێتیش جگە لە ڕێگا و ڕێكاری یاسایی و پەنا بردنە بەردادگا لە هەرێمی كوردستان بێت یان هەر شوێنێك بێت كە پێمان وابێت تحقیقی عەدالەت دەكات ئەو رێگایە دەگرینە بەر و چاودێر دەبین، و بەجۆش تریش دەبین بۆ داكۆكیكردن لەهەموو خەڵك بێجیاوازيی ئینجا ئەندامان و كادیرانی خۆمان لە هەموو شوێنێك بە تایبەتیش لە سنووری مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.