باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: وڵاتەکەم پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە نییە

بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەیە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا نییە بەڵکو گەندەڵی هۆکارە.

ئەلینا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، “بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە عێراق لە راستیدا قەیران نییە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پەیوەندی پێوەی نییە، بەڵکو کاریگەری لاوەکی ئەو جۆرە مامەڵەکردنە ناتەندروستەیە کە بە دراوەوە کراوە”.

وتیشی، “ئەمریکا پاڵپشتی لە هەر هەوڵێکی حکومەتی عێراق و بانکی مەرکەزی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، کۆتدارکردنی ئەم  بابەتەش کاریگەری ئیجابی هەبوو لە کەرتی بانکی لە عێراق، لە ئێستادا بازرگانان زۆرتر بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان بەکاردەهێنن بۆ مامەڵەکانیان ئەمەش جیاوازی نرخی فەرمی و نرخی نافەرمی دۆلاری کەمکردووەتەوە”.

باسیلەوەشکرد، “هەندێک لە کۆمپانیا و لایەنە گەندەڵەکان لە رابردوودا بەڵگەنامەی ساختەیان بەکاردەهێنا بۆ بردنە دەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام لە ئێستادا ئەمە رێگری لێدەکرێت، لەبری ئەوە هەژماری بانکی و مامەڵەی فەرمی دەکەن بۆ چالاکییەکانیان”.

ئاشکراشیکرد، “هێشتا هەندێک لە لایەنە گەندەڵەکان یاری بە نرخی دۆلار دەکەن کەناڵە نایاساییەکان بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار بەکاردهێنن، ئەمەش وادەکات نرخی دۆلار بەرزببێتەوە، ئێمە هانی هەمووان دەدەین لەرێگەی کەرتی بانکیی فەرمییەوە مامەڵەکانیان بکەن و خواست لەسەر بازاڕی کاش کەمبکەنەوە”.

 

بابەتی پێشتر

بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو میلانی توڕەکرد

بابەتی دواتر

لە ماوەی مانگێکدا بانکی ناوەندی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share