ئەدهەم بارزانی هۆكارەكانی رێگری لە گەڕانەوەی بۆ هەولێر و دهۆك ئاشكرادەكات

شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی هۆكارەكانی رێگریكردن لە گەڕانەوەی لەلایەن “دەسەڵاتدارانی هەولێر و دهۆك” ئاشكرادەكات و دەشڵێت، رێگرییەكان نەبوونەتە هۆكارێك بۆ بەرپەرچدانەوە و هەڵوێستی توند.

شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی، کەسایەتی و سیاسەتمەداری کورد راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ساڵێک گوزەردەکات و تێدەپەرێت بەسەر بڕیاری ناڕەوای دەسەڵاتدارانی هەولێر و دهۆک کە پاش دەرچوونم لە کوردستان لە بەرواری 5ی 6ی 2022 و، رێگریکردنیان لە گەڕانەوەم بۆ ناو خاک و وڵات و میللەت و خزم و کەسوکار و ماڵ و منداڵم.

دەشڵێت، “ئەم رێگریانە نەبونەتە هۆکارێک بۆ بەرپەرچدانەوە و هەڵوێستی توند دەربڕین و کەرب، سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک جار لە حەسرەت و دووریی وڵات و میللەت و کەسوکارەکەم هەڵچوون روویداوە، بەڵام ئەمانە سروشتی مرۆڤە و کاردانەوەیە نەک کار”.

هەروەك هۆکاری رێگرییەكان بۆ دەربڕینی هەڵوێست و بۆچوونەکانی دەگەڕێنێتەوە و چەند نمونەیەكیان باسدەكات و دەڵێت، پاش 32 ساڵ و بۆ یەکەمجار ئاماژەم بە شەڕی خواکورک کرد، بۆ ئەوەی رۆڵی جوامێرانەی هێزەکانی حزبوڵای کوردی پێشوو بخەمەڕوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی بەشدار، بۆ ئەوەی کە چیتر ئەم مێژووە بە کێماسیەوە تێنەپەڕێت و بێوەفایمان بەرامبەر بە خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی شەهیدانی ئەم شەڕە نەکردبێت، پاش بڵاوکردنەوەی ئەو روونکردنەوەیە لەوکاتەدا و دوای دوو رۆژ لە 8ی 9ی 2020 بە تەلەفۆن کەوتمەبەر هەڕەشە و تاوانبار کرام بە چەواشەکردنی مێژوویەک کە بە ناڕەوا نوسراوە. پێمڕاگەیەنرا کە مافی ئاماژەکردن بەم شەڕە کە ئێمە رۆڵمان تێدا بینیووە قبوڵکراو نیە.

“لە 19ی 2ی 2021 (…) پاش دادگایکردنی چالاکوانانی بادینان بە نوسینێکی دوو ریزی و بەهیوا خواستنەوە کە وشەی (هیوادارم دادگای کوردستان بەم بڕیارەیدا بچێتەوە) بەکارهێنا، سەرەڕای وشەی (هیوادارم)، بەڵام تاوانبارکرام بەوەی کە ئەمە دەستتێوەردانە لە کاروباری دادگا، کە بووە هۆی ئەوەی چەندین وتار لەسەر من بنوسرێت، بێجگە لە هاتنی تەلەفۆن” وەك ئەوەی شێخ ئەدهەم بارزانی لە بەشێكی دیكەدا ئاماژەی پێداوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، هۆكارێكی دیكەی رێگرییەكە نامەیەكی كراوەیەتی دەربارەی داگیرکردنی زۆربەی شوێنە ستراتیژییە سنوورییەکان لەلایەن تورکیاوە، كە ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی ئەوکاتەی کوردستانی ناردووە کە پێویستە رێگری و بەرگری لەم کارە بکرێت. دەشڵێت، “لەسەر ئەو نامەیەش بۆ چەندین جار کەوتمەبەر شاڵاوێکی بەهێزی هەڕەشە”.

ئەو سیاسەتمەدارە دووپاتیشیدەكاتەوە، خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی داد و دادپەروەری و یەکسانی و برایەتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و راستکردنەوەی رێرەوی مێژووی گەلەکەمان و گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ تاک بە تاکی کوردستانی بەردەوامەوە.

بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی: 35 كەس لەسەر شەڕەكەی ئەمڕۆ دەستگیركراون

بابەتی دواتر

هەڵوێستی سودانی دەربارەی دەستكاریكردنی هەردوو ماددەی 13 و 14ی پرۆژەی بودجە چییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار زیاتر دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی و…
Total
0
Share