قوباد تاڵەبانی: سیاسەتی قۆڵبادان داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، سیاسەتی قۆڵبادان و ململانێی ناتەندروستی حیزبی داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کوردستان هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان ئەزموون لە ناکۆکییەکانی رابردوو وەربگرن و پەلەبکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

لەم چێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سیاسی و ئابوریی باشدا نییە، پێویستە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوڵاتییان هەموو لایەکمان بەرپرسیارانە هەنگاوبنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی کێشەکان کێشەی حیزبی و شەخسین. وتیشی، “ئەم جۆرە لە ململانێ و قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی ناوماڵی کورد زیاتر پەرتدەکات و داهاتووی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە”.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، تەنها پێداگربووین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرانە بێت.

داواشیکرد لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت تا لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان چارەسەربکرێت کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزتربوونی پێگەی هەرێم لە بەغداد.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. لە شەڕ و تەقەكردندا 12 كەس برینداربوون

بابەتی دواتر

ئەو رۆژە ئاشكراكرا كە زۆرترین جەڵتەی دڵی تیاڕوودەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share