وەزیری نەوت: تا ئێستا لەگەڵ تورکیا لە دانوستانداین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان

وەزیری نەوتی عێراق، دووپاتی کردەوە کە عێراق هێشتا لە دانوستاندایە لەگەڵ تورکیا بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقەوە رایگەیاند، “هێشتا لەگەڵ تورکیا دانوستان دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە”.

پێشتر لە دوو هەفتەی رابردوودا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کە داوایان لە تورکیا کردووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن لەوبارەیەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، مەزەندە دەکرێت، راگرتنی 59 رۆژ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری زیانی بە حکومەتی هەرێم گەیاندووە.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، راگرتنی ئەو کێڵگە نەوتییانە، جگە لە سنوورداربوونی شوێنی عەمبارکردن لە ناوچەکەدا، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا زۆربەی بەرهەمهێنانی هەرێمی راگرت کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو کێڵگانەی بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنان، ناتوانن کاربکەن یان زۆر بە کەمی کاردەکەن.

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ڕایگەیاندووە، کێڵگەی تەق تەق کە 4500 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمدەهێنێت و کارناکات.

راپۆرتەکەی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت، ئێستا کێڵگەی خورمەڵە رۆژانە نزیکەی 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت.

ئەمەش بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و پێش داخستنی بۆرییەکە 135 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە.

ئەو زیانانەی لەئەنجامی زیانەکانی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

عێراق لەم مانگەدا داوای لە تورکیا کرد کە لە 13ی ئایارەوە رۆیشتنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە دەستپێبکاتەوە.

بابەتی پێشتر

لە هیندستان بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەرەوە زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

لیژنەی دارایی: دانانی پڕۆژەیاسای بودجە لە کارنامەی پەرلەماندا چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share