بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی دەكات و رایدەگەیەنێت، بۆ ئێمە رۆژی دووپاتکردنەوەی وەفاداری و پابەندبوونە بە خوێنی شەهیدان و بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەی رایگەیاند، لە یادی ٤٨ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و ٤٧ ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرانی رێی خەبات دەکەم.
وتیشی، “سڵاوی رێز و وەفاداری بۆ رابەر و سەرکردەمان سەرۆک مام جەلال و سەرجەم دامەزرێنەرانی یەکێتی و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە دەنێرم و خۆمان بە قەرزاری خەباتی بێوچان و مێژووی پڕ لە شانازیتان دەزانین”.
سەبارەت بە یادەكەش سەرۆكی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژی دووپاتکردنەوەی وەفاداری و پابەندبوونە بە خوێنی شەهیدان و بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی کە خۆی لە چەسپاندنی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دەبینێتەوە.
دەقی پەیامەكە:
لە یادی ٤٨ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ٤٧ ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرانی رێی خەبات دەکەم.
سڵاوی رێز و وەفاداری بۆ رابەر و سەرکردەمان سەرۆک مام جەلال و سەرجەم دامەزرێنەرانی یەکێتی و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە دەنێرم و خۆمان بە قەرزاری خەباتی بێوچان و مێژووی پڕ لە شانازیتان دەزانین.
ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژی دووپاتکردنەوەی وەفاداری و پابەندبوونە بە خوێنی شەهیدان و بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی کە خۆی لە چەسپاندنی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دەبینێتەوە.
کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەمان لەپێشە، جگە لە یەکڕیزی و تەبایی هیچ رێگەیەکی تر ناتوانێت زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم بکات. دەمانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری کێشەکان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێکەوە کوردستان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر ئاڕاستە بکەین. ژیان و سەرفرازیی خەڵکەکەمان خەمی گەورەمان بێت و بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکان، ئامانجە باڵاکانمان لەبیر نەباتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. خەباتی کردووە لەپێناو بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی و دیموکراسی و فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی. بڕوای تەواومان بە کاری هاوبەش و پێکەوەییە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان. دەبێت ناکۆکییەکان لە رابردوودا جێبهێڵین، پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر هەنگاوبنێین و ئەو ژیانە بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین کە بەڵێنمان پێدابوون.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە بانگەشەی پێکەوەیی و یەکگوتاریی کردووە، چونکە پێمانوایە بەهێزیمان پەیوەستە بە پێکەوەبوون و یەکدەنگیمانەوە. لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێکمان داوە و ویستوومانە لە بەغدا نوێنەری راستەقینەی خەڵکی هەرێم و بەدیهێنەری مافە یاساییەکانمان بین. لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عیراق هەوڵمان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان داوە و بەردەوامیش دەبین. دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان، داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵک و وڵات مسۆگەر بکەین.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو یەکێتییە دڵسۆزەکان دڵنیا دەکەینەوە کە ناهێڵین یەکێتی لە رێبازە پیرۆزەکەی لابدات و بە رۆحی خۆمان چارەنووسی حزبە تێکۆشەرەتان دەپارێزین. یەکێتیی ماڵی هەمیشەیی ئێوە بووە و هەروا دەمێنێتەوە.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان