ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی پەسەندكرد

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆیدا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2021 پەسەندكرد.

نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ دووشەممە 21ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، “ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوە نائاساییەكەی ئەمڕۆیدا پرۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵی 2021 پەسەندكردووە.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران بەڕێوەچوو.

دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2012ـەوە كۆبووەوە و دوای هەشت كاتژمێر لە گفتوگۆكردن، بەشێك لە بڕگەكانی پرۆژەیاساكە پەسەندكران و تەواوكردنی كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

ڕەشنوسی پرۆژەیاسای بودجە
بەپێی ڕەشنوسی بودجەی ساڵی 2021 لە مادەی یەكەمیدا هاتووە، “حسابكردنی داهاتی پێشبینیكراو لە نەوتی هەناردەكراوی عێراق دەبێت كە نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 42 دۆلار دانراوە، ڕۆژانەش 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت كە لەنێویدا 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی تێدایە”.

لەو ڕەشنوسەدا كە وێنەیەكی دەستی تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە، لە مادەی دوودا هاتووە، بودجەی گشتیی وڵات پشت دەبەستێت بە پارەداركردن لە ڕێی دوو ڕەگەزەوە كە بریتین لە “داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی، قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان”.

مادەی 13ی ڕەشنوسەكە تایبەتە بە ماف و پابەندییەكانی هەرێم و لە حەوت خاڵ پێك دێت، لە خاڵی یەكەمیدا باس لە موچەی پێشمەرگە كراوە و تیایدا دەڵێت، “دژبەیەكییەك هەیە لەوەی موچەی پێشمەرگە لەنێو خەرجییە سیادییەكانی عێراقدا جێیكراوەتەوە، بەڵام لە بودجەی هەرێمی كوردستانیشدا موچەی پێشمەرگە دەدرێت”.

سەبارەت بە ڕادەستكردنی ئەوەی لە ئەستۆی هەرێمدایە، لە ڕەشنوسەكەدا هاتوە، “حكومەتی هەرێم پابەندە بەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەكانی ڕادەستی ناوەند بكات بە پێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق ژمارە 6ی ساڵی 2019 (50%ی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان و 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە)”.

لە خاڵی شەشی مادەی 13دا هاتووە، “پێویستە حكومەتی ناوەند تێچووی تەشغیلی گواستنەوەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بدات كە لەڕێی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت، لە بری 250 هەزاری ئەو نەوتەی هەرێم ڕادەستی دەكات و 100 هەزاری نەوتی كەركوك”.

لە خاڵی حەوت و كۆتایی مادەكەی تایبەت بە هەرێم ئاماژە بەوەكراوە، “وای دەبینین هەرێم پابەند بێت بە پێدانی داهاتە نەوتییەكانی بە بە پشت بەست بەو نرخەی كە سۆمۆ پێی دەفرۆشێت، پابەندیش بێت بە پێدانی داهاتە نانەوتییەكانی بەپێی ئەوەی وەزارەتی (پلاندانان و دارایی) دیاریدەكەن و بخرێتە خەزێنەی گشتیییەوە.

لە ڕەشنوسی بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا، بەهای 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار دیاریكراوە، لەكاتێكدا لە بودجەی 2019دا بە 118 هەزار و 200 دینار دانرابوو.

لای خۆیەوە فەرهاد عەلادین، سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی عێراق سەبارەت بەو ڕەشنوسە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو ڕەشنوسە هەمان ئەو یاسای بودجانەیە كەپێشتر عێراق هەیبووە، تەنها یەك خاڵی جیاوازە، خەرجی گواستنەوەی 350 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە كە ڕەوانەی توركیا دەكرێت حكومەتی عێراق بیدات”.

فەرهاد عەلادین ئەوەشی ڕوونكردنەوە، “مانگانە لە بودجەی هەرێمی كوردستان ڕێژەیەك پارە دەبڕدرێت بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزەی (TBI) كە بڕەكەی 4 ملیار دۆلارە”.

لەو ڕەشنوسەدا، داهاتی خەمڵێندراوی بودجەی گشتیی عێراق بە 91 تریلیۆن و 790 ملیار و 155 ملیۆن و 529 هەزار دیاریكراوە، خەرجییەكانیش بە 150 تریلیۆن و 50 ملیار و 918 ملیۆن و 543 هەزار دینار دیاریكراوە، كە دابەش دەبێت بەسەر چوار جۆر لە خەرجیدا (خەرجی بەكاربردن، پێدانەوەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی، بەرنامەی تایبەت و خەرجی سەرمایەگوزاری).

بڕی كورتهێنان لە بودجەكەدا 58 تریلیۆن و 260 ملیار و 763 ملیۆن و 114 هەزار دیناری عێراقییە.

سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، “بەگشتی ئەو ڕەشنوسە هاوسەنگی تێدایە لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام پێگەی هەرێمی كوردستان لە ئیستادا زۆر لاوزە لە مامەڵەكردنی لەگەل بەغداد-دا”.

بابەتی پێشتر

پەرلەمان لە موچەی كەسوكاری "شەهیدان و زیندانییانی سیاسی" دەكۆڵێتەوە

بابەتی دواتر

ڕۆژنامەیەك: هەولێر و بەغداد و ئەنقەرە دەربارەی پرسی پەكەكە لێكنزیكن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عێراق مووچەی مانگی پێنج دابەشدەكات

وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، دەستكراوە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بە هەمان میكانیزمی مانگەكانی…
Total
0
Share