مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی 48 ساڵەی دامەزراندن و 47 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەكات:” با یادی یەكێتی بكەینە دەرفەت بۆ رێزلێنان لە تێكۆشانی هەڤاڵانی دێرین و جۆشدانی بەشداریی فراوانتری كچ و كوڕانی دوا رۆژ كە داهاتوو بۆ ئەوان و هەر بەوانیش رەنگرێژ دەكرێت، چونكە رەوتی رووداوەكان بۆ هەمووانی دەرخست هێشتاش ئەركە قورسەكانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك لە كوردستان و لە عێراقیشدا، هەر بە یەكێتی دەكرێت چونكە (یەكێتی بازووی پتەوی تێكۆشانە بۆ داهاتووی كوردستان”.
دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی…
-كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
-كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و كاروانی بێ بڕانەوەی قوربانیدانی گەلەكەمان .
-هەڤاڵانی تێكۆشەری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
یادی (48)ساڵەی دامەزراندنی یەكێیتییەكەتان و (47)ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی نوێتان لێپیرۆزبێت، جەژنی دامەزراندن و بەرپابوونتان بە خۆشی و شادی تێپەڕێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەلومەرجی دوای هەرەسدا دڕی بە شەوەزەنگی تاریكی دا و خۆری ئومێدی بە گەلەكەمان بەخشییەوە. هەزاران شەهیدی لەم هەوراز و نشێوەیەدا بەخشی، سەرەڕای دژواری رێگا، سەرەڕای ئەنفال و كیمیاباران، راگوێزان و تەعریب كۆڵی نەدا و بۆ یەكەمینجار لە مێژووی حزبی كوردیدا خەباتی گەیاندە لووتكەی راپەڕینی رزگاری، گەیاندییە یەكەمین هەڵبژاردن و پێكهێنانی حوكمرانی ئیرادە و ئیدارەی گەلەكەمان و ئەزموونێكی بیناكرد كە ببێتە ناوەندێك بۆ خەونی كوردستانیی و چەقی رووخاندنی رژێمی دیكتاتۆری بەعس لە 2003دا بە رزگاری سەرتاسەری كوردستانیشەوە.
ئەم خەباتە درێژخایانەی یەكێتی بە یەكڕیزی و یەك ئامانجی لەگەڵ هێزە كوردستانی و عێراقییەكان كارێكی كرد دەستووری عێراقی نوێ شەرعییەتی ئەزموونی دیموكراتی كوردستان بسەلمێنێت، رابەری شۆڕشی نوێش، سەرۆك مام جەلال، ببێتە یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی كورد لە مێژووی عێراقدا.
ئەم ویستە خەباتگێڕییەی یەكێتی و كوردایەتی بناغەی پتەوی نەخشەڕێی دەستووری بۆ ناوچە دابڕاوەكان، بۆ تەوافوق و هاوسەنگی لە وڵاتی فیدراڵی دانا بە جۆرێك سەرەڕای پاشەكەشێی چەند ساڵی رابردوو و هەوڵی گەمارۆی سیاسی لەسەر ئەزموونەكەمان، سەرەڕای هەوڵی تێكدانی پرەنسیبی تەوافوق و شەراكەت، هێشتا رۆڵی یەكێتی لەپڕۆسەی سیاسیی وڵات و ناوەندی بڕیار لە بەغداد ، رۆڵێكی گەورە و سەنگینە بە شایەتی یار و نەیار، هێشتا بێبەشداری كارا و راوێژی یەكێتی هیچ پڕۆسەیەك لە عێراق و لەكوردستانیش سەر ناگرێت.
بێگومان ئەو رۆڵە سەنگینە هەمیشە بۆ قازانج و یەكڕیزی گەلی كوردستانە و ویستێكی نەتەوەیی و روانینێكی كوردستانی لە پشتە.
جەماوەری بەشەرەفی گەلەكەمان
یەكێتی لە رووی ڕێكخراوەییەوە ئەزموونێكی چۆنایەتی تێكۆشانی رێكخراوەیی و لە رووی رێوشوێنەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی و نەبەردی و چالاكیشەوە شۆڕشێكی ناوازەبوو بۆ وڵاتەكەمان، لەم رەوتە 48 ساڵیەشدا بە شانازییەوە دەسكەوتەكانی گەلەگەمان لە نزیكی پێنج دەیەو لەسی و دوو ساڵەی حوكمڕانیی كوردستاندا پێشڕەوایەتی و جێپەنجەی دیاری یەكێتی پێوەیە، یەكێتییەكەی رابەرمان سەرۆك مام جەلال لەم ئاستەدا سەربەرزی لای مەزاری شەهیدانە.
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
وەك یەكێتی ئەركی زۆرمان جێبەجێكردووە و ئەركی زۆرتریشمان لەپێشە كە دەبێت پێكەوە رایپەڕێنین و كۆڕی خەباتی بۆ جۆشبدەین، بە تایبەتی ئەمڕۆ تەحەدداكانی بەردەم میللەتەكەمان لە تەنگژەی دیموكراسی و بۆشایی دەستووریدا وا پێویست دەكات بە هەمان نەفەسی سەرۆك مام جەلالەوە كۆشش بۆ یەكڕیزیی میللەتەكەمان بكەینەوە.
یەكڕیزییەكی راستەقینە كە بەرژەوەندییە باڵاكانی دیموكراسی و هەڵبژاردنێكی دادپەروەر و پاكژ دامەزراوە نیشتمانییەكانمان مشتوماڵ بكاتەوە دوای سێ دەیە لە حكومڕانی و پێگەیینی چەندین نەوەی تازە لە كۆمەڵی كوردەواریدا، بۆ ئەمەش یەكێتی بە گرنگییەوە لە پرسی یەكڕیزی و هەڵبژاردنی ئازاد و پاك و بێگەرد كە نوێنەرایەتیی میللەتەكەمان بە نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی پێكهاتەكانیشەوە دەڕوانێت و كاری بۆ دەكات.
بۆیە هەڤاڵان ؛
لەپاڵ بەرزراگرتنی سەروەری و نەبەردییەكانمان، زۆر گونجاوترە یادی ئەمساڵ بكەینە دەرفەتێك بۆ ئەركەكانی قۆناغی نوێ لەچاكسازی راستەقینە، بیكەینە بۆنەیەك بۆ خۆڕێكخستنەوە و ئاشتكردنەوەی جەماوەر كە سەرچاوەی هێزی لە بنەهاتووی یەكێتین لەڕێی ئامانجە دوورەكانی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین )دا.
با یادی یەكێتی بكەینە جەژنی گەردن ئازادیی و بەمەش رۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە بكەین. بیكەینە دەرفەت بۆ رێزلێنان لە تێكۆشانی هەڤاڵانی دێرین و جۆشدانی بەشداریی فراوانتری كچ و كوڕانی دوا رۆژ كە داهاتوو بۆ ئەوان و هەر بەوانیش رەنگڕێژ دەكرێت، چونكە رەوتی رووداوەكان بۆ هەمووانی دەرخست هێشتاش ئەركە قورسەكانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك لە كوردستان و لە عێراقیشدا، هەر بە یەكێتی دەكرێت چونكە (یەكێتی بازووی پتەوی تێكۆشان بۆ داهاتووی كوردستان.
جارێكی تر ئەم یادەتان پیرۆزبێت.
درود و نەوازش بۆ رۆحی پاكی شەهیدان
سڵاو :
لەپێشمەرگە، رێكخستنەكان، زیندانیانی دێرین و لە پاڵەوانە زۆر و زەوەندەكانی شارو لادێی كوردەواری كە ئەم تەلارە بەرزەی تێكۆشانیان ئاواكرد.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان