وەزارەتی ناوخۆ: ئەوانەی مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی دەکرێن

وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختدەکاتەوە لە مامەڵەکردنی ناوەندە بازرگانییەکان بە دۆلارەوە لەبری دینار، ئاماژە بەوە دەکات هەر کەسێک سەرپێچی بکات بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت.

بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەریق حسێن تەمیمی رایگەیاندووە، “پێشتر وەزارەت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەستیکردبوو بە هەڵمەتێک بۆ رێگریکردن لە خاوەن بازاڕ و دوکانەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار و سنووردارکردنی ئەم پرۆسەیە”.

وتیشی، “ھێشتا ھەڵمەتەکە لە ھەموو ناوچەکان بەردەوامە، جگە لە ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی مەفرەزەکانەوە کە ھەڵمەتی پشکنین و چاودێریکردن لە سەنتەرەکان و بازاڕە بازرگانییەکان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدەن بۆ چاودێریکردنی ئەو ناوەندە بازرگانییانەی مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، “هەندێک کەس هەن سوود لە ناجێگیری نرخی دۆلار وەردەگرن، بەڵام هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکارانی بڕیارەکان گیراوەتەبەر کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە کە ناوەندە بازرگانییەکان و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی پابەند کردووە بە مامەڵەکردن بە دینار لەبری دۆلار”.

رایگەیاندووە، هەر خاوەن ناوەندێکی بازرگانی مامەڵە بە دۆلارەوە بکات سزا دەدرێت و سزاکەش دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن.

بابەتی پێشتر

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی ئێران دەکات بۆ چارەسەری کێشەی سنوورەکان

بابەتی دواتر

تەنها بۆ ژنان.. بۆ پاراستنی رووخسارت هەنار لەبیرمەکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share