وەزارەتی پەروەردە واژوو و نووسینی پەراوێزی سەر نووسراوەكان دەكاتە سیستمی ئەلیكترۆنی و وەزیری پەروەردەش پلانی داهاتوو ئاشكرادەكات.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، هەفتەیەکە واژووی نووسراوەکان و پەراوێزەکانیان کردۆتە سیستمی ئەلیکترۆنی.
وتیشی، “بە واژووی ئەلیکترۆنی بۆ نووسراوەکانی ناو خودی وەزارەت، هەم واژووی کۆتایی نووسراوی گشتاندن و فەرمانە وەزارییەکان دەکەین، هەم پەراوێزەکانیش لە بەرپرسی هۆبە تا دەگاتە وەزیر هەمووی بە سیستمی ئەلیکترۆنییە”.
سێ ساڵ و نیوە ناردنی سەرجەم نووسراوەكان لە وەزارەتەوە بۆ پەروەردە گشتییەکان، پەروەردەی قەزا و قوتابخانەکان بە ئەلیکترۆنی کراون، بەڵام ئەزموونی چەند رۆژی رابردوو لە واژووی ئەلیکترۆنی نوێیە، وەك ئەوەی ئالان حەمەسەعید ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی روونكردەوە، كەمتر لە ساڵ و نیوێکی دیکە تا ئاستی باخچە و قوتابخانەکان هەموو واژوو و پەراوێزەکان دەکەنە ئەلیکترۆنی.