هاتوچۆی دەربەندیخان چیرۆکی تراژیدیی رووداوەکانی هاتوچۆی رێگای شارەکە دەگێڕێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان داوا لە شۆفێران دەکات خێرایی کەمبکەنەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە زاری کارمەندێکی ئێشکگرییەوە چیرۆکە تراژیدییەکانی رۆژانەی سەر رێگای دەربەندیخان دەگێڕێتەوە.

هاتوچۆی دەربەندیخان بە سەرەتای دەستپێکردنی رۆژێکی کاری ئێشکگریی یەکێک لە کارمەندەکانی دەستپێدەکات کە لەگەڵ یەکەم ساتدا نزا دەکات رووداوە دڵتەزێنەکان ئەو شەوەی لێتێکنەدەن و زەنگی تەلەفۆنەکەی لێنەدات، لە کۆتایی گێڕانەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان داوا دەکات بە بەرپرسیارێتییەوە شۆفێری بکەن و خێرایی کەمبکەنەوە.

دەقی ئەو ڕووداوەی کارمەندێکی ئێشکگری هاتوچۆی دەربەندیخان گێڕاویەتییەوە:

سەیری خشتەی ئێشکگرییەکەم کرد، بینیم کە بۆ سبەینێ من ئێشکگرم، هەناسەیەکی قوڵ لە سینەمدا هاتە دەرەوە، وەک ئەوەی پێم بڵێ، لەوانەیە سبەینێ رۆژێکی خۆش نەبێت لە ژیانت، ئاخر هەموومان کاتێک دەبینە ئیشکگر هەمیشە دڵتەنگ دەبین چونکە مێژوویەکی پڕ لە کارەساتمان لەگەڵ ئێشکگری بەڕێ کردووە،  گوێم پێ نەدا دەفتەرەکەم وێکنایەوە، بەڵام هەستم کرد دڵم تەنگە، نازانم چ سڕێک بوو جەستەی داپۆشیبووم، بەڵێ لەوکاتەی ئێشکگریەکەم دەستی پێ کرد نزام دەکرد تەلەفۆنەکە لە خەوێکی قوڵدا بێت ئەسڵەن خەبەری نەبێتەوە، ئاخر دەنگی ئەو تەلەفۆنە هیچ کات نەبووەتە یادگارییەکی خۆش بۆم، مێژوویەکی ڕەشی هەیە ، کاتژمێر ( ٦:٣٠ )  دەقیقەی ئێوارە بوو بۆ پشوودان لەماڵەوە بووم ویستم دەستم بەرم بۆ کەوچک و لەناکاو دەنگی موبایلە مێژوو ڕەشەکە لێیدا ! هەمیشە ئێواران شووم بووە لای من چونکە شۆفێران لە ئێواراندا پەلەیەکی یەکجار زۆر دەکەن و ڕادەی بینینش زۆر کەمدەبێتەوە، پاشان موبایلم هەڵگرتوو دەستم کرد بە وڵامدانەوە !

🔸 ئەلو فەرموو ..

🔸ئەلوو سڵاو برا گیان (  دایرەی مرورە ) ْ

🔸بەڵێ ئێمە لە خزمەتانداین .

هەستم کرد کەسێک لە پشت تەلەفۆنەکەوەیە کە دیمەنی پڕ لە تراژیدیا لەبەر چاویەتی و بە نەفەس تەنگی و قورگی پڕ لە گریانی پەنگ خواردوەوە  قسە دەکات ..

🔸 بەڵێ کاکە گیان چیبووە ؟

🔸 ڕووداو کاکە . لە فڵانە شوێن .

🔸 وتم پێم بڵێ هەمووان  سەلامەتن ؟

🔸وتی براڕۆ کەسیان دەرنەچووە .. !

هەر کە گوێم لەو قسە بوو ، هەستم کرد هێزم تێدانیە، هەستم کرد مروڤ مەخلوقێکە هیچ کات خۆی خۆش ناوێ، هەستم کرد زەرد هەڵگەڕاوم ، هەستامە سەرپێ و بە خێرایی بەرەو شوێنی ڕووداو بەڕێکەوتم، کاتێک گەیشتمە شوێنی ڕووداو هیچ شوێنێک نەبوو خۆتی لێ پەنا بدەیت و هەوڵی ڕاکڕدن بدەیت لەو دیمەنە رۆح کوژە، یەکێک لەبەردەمم یەکێ لەپشتمەوە یەکێ دوان و سیان لەولاتر . نەمدەزانی لە کوێ وە دەست پێ بکەم، فریای کامیان بکەوم، گوێ لە ترپەی دڵە بێ هێزەکەی کامیان بگرم ..

سەرم هەڵبڕی ژنێک بەتەمەن پەنجا لەژێر زمانیەوە بەدەم فڕینەوە دەیگوت (  منداڵەکەم ) ..لەگەڵ هاتنی هاوڵاتیان و ئەمبوڵانس هەموویانمان بەڕێکرد بۆ نەخۆشخانە . بەڵام من بەردەوام بەدەوری خۆمدا دەسوڕامەوەو لە ژێر خۆمەوە دەمگوت ( منداڵ ) ؟؟؟؟ ئەی کوا بۆ هیچ منداڵێک نیە !  دیسان دەستم دەکرد بەگەڕان پەلەم بوو لە گەڕان . بەردەوامیش لە شوێنی ڕووداو دوور دەکەوتمەوە . زیاتر لە پەنجا مەتر لەولای ڕووداوەکە جوڵەیەکم هەست پێ کرد . چ کارەساتێک بوو خــودایە کە ڕام کرد منداڵێکی کوڵمە پەمەیی پێ دەچوو هەر دوو ساڵ تەمەنی کردبێ بەتەنیا بەدەم ئازارو بە هەناسەیەکی سوارەوە دەناڵێنێ .. کە بینیم ڕومکردە ئاسمان و وتم سوپاس خودایە کە قسەی ئەو دایکەم بەهەند وەرگرت و دەستم هەڵنگرت لە گەڕان . لە لایەکی تریشەوە دەم گوت خودایە هەڕگیز کارەساتێکی لەو شێوە لەسەر کەسی تر تاقی نەکەیتەوە . هەرچۆنێک بوو هەندێ فریا گوزاری سەرەتایم بۆ کرد ئەوەندەی دەربارەی فریا گوزاری تەندروستی زانیاریم هەبوو . خۆشبەختانە باش بوو هەر لەگەڵ خۆمدا گەیاندمە فریاکەوتن لە ڕێگادا نزام دەکرد بەدایکی شاد بێتەوەو دایکی لەژیاندا مابێ … بەڵام بێ هیوا بووم لە مانەوەی دایکی لە ژیاندا . چونکە ڕووداوێک بوو کە دوو ئۆتۆمبێل بە خێرایی زیاتر ( ١٤٠ )  کم پێکیان دادابوو .. لەگەڵ ئەوەی نزام دەکرد خەیاڵم دەکرد ئاخر بۆچی خێرایی؟ بۆچی ( ١٤٠ )  ئەی کوا بەرپرسیاریەتی ؟ ئەی کوا پەروەردە ؟ ئەی  کوا  مرۆڤایەتی ؟ بەڕاست کوا ژیری مرۆڤ ؟؟؟؟؟!!! گەیشتمە فریاکەوتن و ڕام دەکرد بۆ ژوورەوە ، بیرم نەبوو منداڵێک بە باوەشمەوەیە . ئەوەی بیرم بوو بینینی دایکی بوو بە زیندویی ..

دکتۆرو پەرستار دەورەیان دام و منداڵیان لەدەست وەرگرتم دەستیان کرد بە چارەسەر .. لەولاشەوە یەکێ لە دکتۆرەکان کارەبای بووژانەوەی دڵی لەسەر سینەی یەکێ لە بریندارەکان دەدا بە ئومێدی گەڕانەوەی بۆ ژیان .. کە بینم ئەژنۆکانم لەکار کەوتن نەمتوانی بچم و سەیری بکەم . پرسیم ئەوە ژنە ؟ وتیان بەڵێ ، ئیتر زانیم دایک کۆتا چرکەکانی ژیانی تێدەپەڕێنێ . لەژێر زمان وتم ماڵ ئاوا ، پاشان هاتمە دەرەوەو لە حەوشەکە دەستەو ئەژنۆ دانیشتم . جەستەم بۆنی خوێنی لە دەهات . بیرم دەکردەوە چوار پیاو کوڕێک و دایکیک لە پێناو چیدا کرانە قوربانی .. بیرم دەکردەوە ئەوپەڕی بێ ئینصافیە خێرا لێ خوڕین . بیرم دەکردەوە  تۆ بڵێی ڕاست بێت و مرۆڤ خاوەن ژیریەکی لە ڕادەبەر بێ ؟ بیرم دەکردەوە چی دەبوو خۆمان نەخەڵەتێنین بەتاوانبار کردنی خراپی ڕێگاو ئەو شتە لاوەکیەکانەی  هەموو توشبوانی ڕووداوەکان دەیڵێنەوە . ئێمەی مرۆڤ هۆکاری هەموو ڕووداوەکانین ، ئێمەی مرۆڤ بکوژی منداڵەکانمانین ، ئێمەی مرۆڤ نابەرپرسین بەرامبەر کەسانی ترو تەنانەت خودی خۆشمان .. ئێمەی مرۆڤ ناتوانین منداڵەکانمان گەورە بکەین بە شێوەیەکی باش..

ئەوەی گێڕامەوە حەقیقەت بوو حەقیقەتی ڕۆژێک لەژیانم . بەڵام ڕۆژێک کە هەرگیز لە بیرو فکرم دەرناچێ ..

بەجدی بڕیار بدەن

هێواش بن .. هێواش !

تەنها هێواش بن هەموو شتێک باش دەبێ ..

بابەتی پێشتر

ئەو کەسەی لەناو بازاڕی سلێمانی دزی کرد لە بەغداد دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: باران دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share