جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم رایدەگەیەنێت، هیچ وڵاتێک و حکومەتێک پارێزراو نییە لە هێرشە جۆراوجۆرە ئەلیکترۆنییەکان، ئەگەر پلان و رێوشوێنی پێشوەختە نەگیرابێتەبەر.
قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم رایگەیاند، ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەشێکی گرنگە لە ئاسایشی نیشتمانی هەر وڵاتێک.
وتیشى، “لەم سەردەمەدا هیچ وڵاتێک، هیچ حکومەتێک، هیچ کۆمپانیایەک، هیچ هاوڵاتییەک پارێزراونییە لە هێرشە جۆراوجۆرە ئەلیکترۆنییەکان، ئەگەر بێتو پلان و رێوشوێنی پێشوەختە نەگیرابێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی”.
قوباد تاڵەبانى ئەو پەیامەى پاش بەشداریکردن لە یەکەمین دیداری زانستیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بڵاوکردەوە کە لە زانکۆى سلێمانى ئەنجامدرا و ئاماژەیدا، ئەم جۆرە دیدار و توێژینەوانە بەرچاوڕوونترمان دەکات لە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان. هەروەها هاندەرمانە بەرەو بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئەلیکترۆنی تا بتوانین لە سەردەمی دیجیتاڵدا هەم ئاسایشی خۆمان بپارێزین و هەم تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد بخەینە خزمەت گەشەپێدانی وڵاتەکەمانەوە.