بە داتا.. دوورخستنەوەی ئوزێل، ئارسیناڵی بەرەو شکستی گەورە بردووە

دوورخستنەوەی ئوزێل لە پێکهاتەی ئارسیناڵ گەورەترین زیانی پێگەیاندوون

لەم وەرزەدا یانەی ئارسیناڵ خراپترین ئاستی نیشانداوە و هاندەران مایکڵ ئارتێتا و ئیدارەی یانەکەیان بە ئەندازیاری شکستە گەورەکان ناودەبەن.

لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی خولی نایابی ئینگلیزی، گانەرز بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک بە ئێڤەرتۆن دۆڕا، لە ڕیزبەندی یانەکاندا بە کۆی 14 خاڵەوە خزاونەتە پێگەی 15 و جیاوازی 17 خاڵیان لەگەڵ لیڤەرپوڵی یەکەمی ڕیزبەندیدا هەیە.

لەسەرەتای وەرزەوە تۆپخانەی لەندەن 14 یاری کردووە، تەنها چوار بردنەوەی تۆمارکردووە بەرانبەر دوو یەکسانبوون و هەشت دۆڕاندن، لە کۆی 10 کۆتا یارییدا یەک بردنەوە و حەوت دۆڕاندنیان تۆمارکردووە.

لەهەموو ئەوانەش خراپتر، تۆڕی سکای سپۆرت بە داتا و ژمارەوە ئاشکرایکردووە، کە لە کۆی 10 کۆتا یارییدا هێرشبەرانی گانەرز تەنها چوار گۆڵیان تۆمارکردووە، لە ڕیزبەندی تۆماری گۆڵدا (لەسەر ئاستی پریمەرلیگ) کەوتوونەتە پلەی کۆتایی، لە ڕیزبەندی لێدانە ئاڕاستەکراوەکاندا پلەی پێش کۆتاییان گرتووە، هەروەها لە ڕووی ڕاستڕەوییەوە هێرشبەرانی یانەکە خراپترین ڕیکۆردیان لە مێژووی ئارسیناڵدا نوسیوەتەوە.

ئوزێل، هەڵەی گەورە

تۆڕی سکای سپۆرت دووپاتیکردووەتەوە، بەرپرسانی ئارسیناڵ و مایکڵ ئارتێتای ڕاهێنەر گەورەترین هەڵەیان کردووە مەسعود ئوزێلی ئەڵمانی – تورکییان لە پێکهاتەکەیان دوورخستووەتەوە.

ئارتێتای ڕاهێنەری ئارسیناڵ نەیتوانیوە کەلێنی ئوزێل بە سیبایۆس و پیپی پڕبکاتەوە

بەپێی داتاکانی سکای، ئوزێلی سەردەمی ئارتێتا لەهەر یارییەکدا بە نێوەندی ڕێژەی 2.4 گۆڵی بۆ هێرشبەران ڕەخساندووە، لە ئێستادا نیکۆلاس پیپی و دانی سیبایۆس بە ڕێژەی 1.6 لەهەر یارییەدا گۆڵ دەڕەخسێنن، پاشان ئەلیکساندەر لاکازێت بە ڕێژەی 1.1 و بوکایۆ ساکا 0.9.

ئەم ڕێژەیەش هێندە کەمە، هێرشبەران توانای تۆمارکردنی گۆڵیان لاوازبووە، ناوەندەکانیش لەو ڕادەیە زیاتر نەیانتوانیوە توانا هونەرییەکانیان لە دروستکردنی گۆڵدا بەرەوپێشببەن.

ئایا دوای دەرخستنی ئەم فاکتانە، ئارسیناڵ ئوزێل دەگەڕێنێتەوە؟

بابەتی پێشتر

ئالابا لە میونشن (10) ڕۆژی ماوە و ڕیاڵ مەدرید چاوەڕێی کاتی سفرە

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم بە بڕی زیاتر لە دوو ملیار دینار بەنداوی دەربەندیخان نۆژەن دەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share