فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حوکمڕانی بە کاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتن دەکرێت نەک بە فێڵکردن و راکردن لە واقیع.
فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان لەدوای هەڵگرتنی دانیشتنی پەرلەمان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئێمە چەندین جار دووپاتمانکردووەتەوە کە حوکمڕانی بە کاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتن بەڕێوەدەبرێت نەک بە فێڵکردن و راکردن لە واقیع”.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “خەمی ئێمە و نیگەرانییەکانمان لە بابەتی پێکهاتەکان لە جێگای خۆیدابوو، کە لایەنێک بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکاریان دەهێنێت نەک خواست و داواکاریی خودی پێکهاتەکان”.
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەپێی ماددەی 18 بڕگەی سێیەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و رێکەوتن و سازان لەسەر پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت.