هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆدەبنەوە و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێدەكەن.

(كەمێك پێش ئێستا) شاندی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و لەلایەن بەرپرس و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەوە پێشوازیكران.

خاڵی سەرەكیی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی پرسە ناكۆكەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، بەتایبەت كورسیی پێكهاتەكان، بەمەبەستی سازان لەسەری و دواتر هەنگاونان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەك هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

دوێنێ سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە یەكێتی و پارتی بە دانوستان كۆتایی بە كێشەكانیان بهێنن و راشیگەیاند، ناكرێت لە دەرگا و پەنجەرەی كۆتاكانەوە فێڵ لە یەكێتی بكرێت.

وتیشی، “ئێمە پێشتر چەندجارێك رامانگەیاندووە ناكرێت یارییەك دەستپێبكات 11 گۆڵ بۆ لایەنی بەرامبەر تۆماركرابێت”.

سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو، دەمانەوێت كار بە تۆماری بایۆمەتری دەنگدانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كار بەو تۆمارە بكرێت نەك ئەوەی هەرێم كە چەند سەد هەزارێك جیاوازی هەیە.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی چا-یە

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دزیکردنی دەستگیرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share