بە بەشداریی عێراق کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی دەستیپێکرد

لۆگۆی کۆمکاری عەرەبی

ئەمڕۆ لە جەددەی پایتەختی سعودیە 32 ەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی دەستیپێکرد و عێراقیش یەکێکە لە دەوڵەتانی بەشداری کۆبوونەوەکە.

ئەمڕۆ هەینی عەرەبستانی سعودی 32 ەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لەخۆگرت کە تێیدا سەرۆک و پادشا و دیپلۆماتکارانی 22 دەوڵەتی عەرەبی بەشدارییان تێدا کرد.

یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەشداریکردنی سوریا بوو تێیدا، دوای 12 ساڵ لە سڕکردنی.

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، “ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە کارەکانماندا بچینەوە دوور لە دەستوەردانی بێگانە، ئێمە پێویستمان بە بیروبۆچوونێکی هاوبەشە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان”.

داوایشیکرد، “پێداچوونەوە بە میساقی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیدا بکرێت بە شێوەیەک لەگەڵ پێداویستی سەردەمدا بگونجێت”.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لە وتارێکدا رایگەیاند، “پێشوازی لە گەڕاندنەوەی سوریا دەکەین بۆ کۆمکاری عەرەبی، ئەمە رێگەیەکە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە، پێشوازی لەو دەستپێشخەریانە دەکەین کە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی سودان کراون، پاڵپشتی لوبنان دەکەین لەو دۆخە سیاسی و ئابوورییە قورسەی پێیدا تێدەپەڕێت”.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سودانی داوایکرد، “کۆبوونەوەی داهاتووی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە عێراق ئەنجامبدرێت”.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بڕیار و راسپاردە تایبەت بە دۆخی ئێستای دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئەو وڵاتانەی بە ئالنگاریدا تێدەپەڕن دەربکرێن.

 

 

بابەتی پێشتر

زریانێکی کەموێنە ئیتاڵیای گرتووەتەوە و قوربانی هەیە

بابەتی دواتر

لەناو تونێلی پێشرەو ئۆتۆمبێلێک ئاگری گرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share