کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و پارتی کۆتایی هات و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، بڕیاریاندا وەک یەک تیم کار بکەن و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدەن بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری سلێمانی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، “دوای دەستپێشخەرییەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا وێرای بەرز نرخاندنی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستداهات، هەردوو لا هاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناوماڵی کوردستانی رێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندییەکان بکرێتەوە”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پەسەند کردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەى تێکڕای لایەنەکانی پێکهێنەری کابینەی نۆیەم و هەردوو مەکتەبی سیاسی بە تەواوی پشتیوانیی لێدەکەن”.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، “هەردوو لا پەرۆش و هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لە ئەمساڵدا”.
جەختلەوەشکراوەتەوە، “هەردوولا خوازیاری ئەوەین کە هەموو لایەک هاوکار بن لە بەردەوامی کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەهێشتنی کەلێنەکانی رابردوو”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، “هەردوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەشوهەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو ئالنگاریانەی لە ناوچەکەدا هەیە”.