پزیشكێكی عێراقی ژنانی بە ماددەی سڕكەر بێهۆشكردووە و گێچەڵی پێكردوون و داوای پارەی لێكردوون.
ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیركردنی ئەو پزیشكەی راگەیاند و دەڵێت، خەڵكی فەلوجەیە و دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر كەیسەكانی، بۆسەی بۆ دانراوە و دەستگیركراوە.
بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەو پزیشكە پارەیەكی زۆری لە ژنان وەرگرتووە و هەموو جارێك بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، ژنانی بێهۆشكردووە و وێنەی گرتوون، دواتر هەڕەشەی لێكردوون بەوەی ئەگەر پارەی پێنەدەن وێنەكانیان بڵاودەكاتەوە.
لە هەمان راگەیەندراودا ئاسایشی نیشتمانی ئاماژە بۆ دەستگیركردنی باندێك دەكات و دەڵێت، چەند كەسێكی دیكە دەستگیركراون كە لە رێگەی خەواندنی موگناتیسییەوە پارەیان لە ژنان وەرگرتووە.