بەدرێژایی هەفتەیەكی تەواو، هاوڵاتییانی شاری ئیسماعیلییەی میسر بە بابەتێكەوە سەرقاڵ كرابوون، دواتر دەركەوت بابەتەكە ڕاست نییە و كچە كوردێكی منداڵ سەرجەمی بەدرۆ خستەوە.
لە شاری ئیسماعیلییە لە میسر، لەڕێی چەند پەیجێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕای گشتی بە بابەتێكەوە سەرقاڵكرا، ئەویش چیرۆكی مەریەمی 12 ساڵ بوو، كە گوایە تووشی شێرپەنجە بووە.
پێگەی سكای نیوز لەوبارەیەوە ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی كانونی یەكەم بڵاویكردووەتەوە، لەنێو هاندەرانی یانەی ئیسماعیلی، وێنەی كچێكی منداڵ بڵاوكرایەوە كە گوایە شێرپەنجەی هەیە و برندنەوەی ئەو یانەیە لە یارییەكانیدا هاوكاری دەبێت گەشت ئەنجامبدات و چارەسەر بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكەی بدۆزێتەوە.
هاندەرانی یانەكە وێنەی منداڵەكەیان بڵاوكردەوە و كەمپینێكیان بۆ ڕاگەیاند بە هاشتاگی #مەریەم_دڵی_ئیسماعیلی، داوایانكرد یاریزانانی ئەو یانەیە بەردەوام بن لە بردنەوە بۆ دڵخۆشكردنی مەریەم.
ژمارەیەك لە یاریزانانی یانەكەش كاردانەوەیان بوو، لە چەند ڤیدیۆیەكدا پەیامیان بۆ مەریەم نارد و بەڵێنیان دا هەموو هەوڵێك بدەن بۆ بردنەوە.
View this post on Instagram
كار گەیشتە ئەوەی، خودی یانەكە چووە سەر هێڵ و بەڵێنی دا هاوكاری و پاڵپشتیی مەریەم بكات، تەنانەت خەڵاتێكی بۆ ئامادەكرد كە درێسی یانەكە بوو بە واژووی سەرجەم یاریزانەكانەوە.
تەنانەت وتەیەكی عەلا وەحید، وتەبێژی یانەی ئیسماعیلی بڵاوبووەوە ڕایگەیاندبوو، “لەگەڵ دایكی منداڵەكەدا قسەیان كردووە و نامەیەكیان بۆ ناردووە، مەریەم تەواوی نامەكەی خوێندووەتەوە، ڕۆژی سێشەممە لە دەرەوەی میسر نەشتەرگەری ئەنجامدەدات و مۆخی ئێسكی دایكی بۆ دەگوازرێتەوە”.
چەند ڕۆژێكی كەم بەسەر ئەو چیرۆكە تراژیدییە تێپەڕی و دەركەوت، چیرۆكی مەریەم سەرلەبەری ناڕاستە و دروستكراوە.
دەركەوت ئەو وێنەیەی بڵاوكرابووەوە، وێنەی كچە منداڵێكی كوردە و لە ئینستاگرام چالاكە و وەك نمایشكارێكی جلوبەرگ دەردەكەوێت و دوورونزیك پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە.
ئەو بابەتە كاتێك ئاشكرابووە، خێزانی ئەو منداڵە بە ڕێكەوت لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەی كچەكەیان بینوە و دواتر بۆیان دەركەوتووە چیرۆكێكی مرۆیی ناڕاست لەبارەی كچەكەیانەوە دروستكراوە.