لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كرا و جەخت لە یەكگرتوویی و هاوهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان كرایەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە تێیدا هاتووە، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵدا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێویستە حكومەتی فیدراڵ، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەو كاتەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ پەسەنددەكرێت و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابیندەكرێت.
لە بڕگەی دووەمدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان كرا و دواتر ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای بەناوەندییكردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، بە رێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەرواز سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی باج و رسوومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە رێگای سیستمێكی ئەلكترۆنییەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بڕیاردرا ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجییەكانی دیكەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میكانیزم و رێكاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجامبدرێت بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران، سەرپشككران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە.