ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی كۆدەبێتەوە و كارنامەكەشی چەند بڕگەیەك لەخۆدەگرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرێک تاووتوێدەکرێن، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چێوەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بابەتی رێکخستنەوەی داراییی گشتی لە هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت.
خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتمانی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە دەبێت، وەك ئەوەی فەرمانگەی میدیا ئاماژەی پێداوە.
دوێنێ سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تیمی وەزاریی یەكێتی، یەكشەممە بەشداریی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكات.