بەدەر لە دۆلار بەهای دراوەكانی دیكەش فڕیوون

بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی تەنها بەرزكردنەوەی بەهای ئەو دراوە نەبوو، بەڵكو دراوە بیانییەكانی دیكەش بەو بڕیارە بەهاكەیان هەڵكشا.

لە هەرێمی كوردستان و عێراق، دۆلار وەك پێوەر بۆ دیاریكردنی نرخی دراوەكانی دیكە بەرامبەر بە دینار دادەنرێت و وەك “تاقانە” ناو دەبرێت.

بەهای دراوەكانی دیكە گرێدراوی دۆلارن

دانا مەولود، شارەزای ئابوری و ئاگادار لە مامەڵەكانی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە بازاڕەكانی ئێمەدا كۆی دراوەكان دەكەونە ژێر كاریگەری بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار”.

ئەو شارەزایەی دراو ئەوەشی خستەڕوو، “دۆلار تاقانەی مامەڵەكانە هەر دراوێكت هەبێت پێشتر لێكدانی دۆلاری دەكەین و دواتر دەیكەینەوە بە دینار”.

سەبارەت بە نرخی دراوە بیانییەكان لە هەرێم دانا مەولود ئاشكرایكرد، نرخی 100 دۆلار لە هەرێمی كوردستان ئێستا 144 هەزار دینارە.

دراوەكانی دیكەش نرخەكان بەمجۆرەن، 100 یۆرۆ بەرامبەرە بە 175 هەزار دینار، 100 پاوەند بەرامبەرە بە 192 هەزار دینار، 100 لیرەی تورکی بەرامبەرە بە 18 هەزار و 500 دینار، هەروەها100  هەزار تمەنی ئێرانی بەرامبەرە بە 5 هەزار و 500 دینار.

بەرزبوونەوەی دۆلار نرخی زێڕی بەرامبەر بە دینار بەرزكردەوە

هاوشێوەی هەر دراوێكی دیكەی بیانی لە هەرێمی كوردستان، نرخی زێڕیش بەو بڕیارەی بانكی ناوەندیی عێراق بەرامبەر بە دینار هەڵكشا.

سیامەند مەهدی، لە زێڕەنگەری سپێدە لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە لەكاتی فرۆشتن یان كڕینی زێڕ بەهای زێرەكە دەكەینەوە بە دۆلار و دواتر دەیكەینەوە بە دینار، بۆیە ئێستا زێڕ بەرامبەر بە دینار بەرزبووەتەوە”.

سەبارەت بە نرخی ئێستای زێڕ لە بازاڕی زێڕەنگەرانی سلێمانی، سیامەند مەهدی ئاماژەی بەوەكرد، “لەم كاتەدا كە قسە دەكەین یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بەرامبەرە بە 326 هەزار دینار، یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21یش بەرامبەرە بە 380 هەزار دینار ئەمانەش نرخی بێ حەقدەستن”.

بانكی ناوەندیی عێراق نرخی دۆلاری جێگیر كرد

بانكی ناوەندیی عێراق ئێوارەی دوێنێ شەممە 19ی كانونی یەكەم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، “بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی بە 1460 دینار دەفرۆشرێت بە بانكەكانی عێراق”.

بانكە عێراقییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بەهای دۆلارێك بۆ هاوڵاتییانی عێراق بە 1470 دینار بۆ هەر دۆلارێك دەخرێتە بازاڕەوە”.

بەگوێرەی نوسراوێكی ئەمڕۆی بانكەكە كە دەستی تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە تیاییدا هاتووە، بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دیاریكراوە بەمجۆرە “نرخی كڕینی یەك دۆلار لە وەزارەتی دارایی هەزار و 450 دینارە، نرخی فرۆشتنی یەك دۆلار بە بانكەكان هەزار و 460 دینارە و نرخی فرۆشتنی یەك دۆلار بۆ هاوڵاتییان هەزار و 470 دینارە”.

لەو نوسراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەو نرخە جێگیرە و كۆتا نرخە و نەگۆڕە”.

بابەتی پێشتر

ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی چاكبوونەوە و توشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە هەرێم

بابەتی دواتر

بارسا چی لەدەستدا؟! بە بەڵگەوە سوارێز کاراترین هێرشبەری لالیگایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share