دوای دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی فینلاند سانا مارین رایگەیاند لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە.
سانا مارین سەرۆک وەزیرانی فینلاند کە سەرەتای ئەم مانگە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند، لەگەڵ مارکۆس رایکۆننی هاوسەری پۆستێکی هاوبەشیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام کردووە و نووسیوویانە” 19 ساڵی تەمەنمان بەیەکەوە لەگەڵ کچەکەمان بەسەربرد، بۆ داهاتوو وەک باشترین هاوڕێ دەمێنینەوە”.
مارین و رایکۆنن لە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بەیەکەوە کاریان دەکرد، خاوەنی کچێکی تەمەن پێنج ساڵانن لە ساڵی 2020 و لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوسەرگیریان کرد.
سانا مارین لە ساڵی 2019 هاتە سەر دەسەڵات، ئەو کات وەک گەنجترین سەرۆک وەزیران هەژمارکرا، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵ نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت هەر بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی حزبەکەشی راگەیاند.