فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، گەشتیاران دەتوانن تەنها دوو کارت (credit card) لەگەڵ خۆیاندا ببەنە دەرەوەی وڵات و لەوە زیاتر رێگەی پێنادرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە دیاردەی بردنەدەرەوەی کرێدیت کارد لەلایەن گەشتیارانەوە زۆر پەرەی سەندبوو و زیاتر لە 2000 کارت لە فڕۆکەخانە دەستیبەسەردا گیراوە.
راشیگەیاندووە، هەر گەشتیارێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئاگاداری بۆ گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر
دوای زیادبوونی دیاردەی بردنە دەرەوەی Credit Card, Debt Card بە رێژەیەکی بەرچاو لە فڕۆکەخانەدا، کە تاوەکو ئێستا بە نزیکەیی ( 2150 ) کارت دەستی بەسەردا گیراوە، لەلایەن گەشتیارانەوە بە مەبەستی بردنە دەرەوەی وڵات بۆ ساغکردنەوەی پارە بەکارهاتووە.
ئاگاداری گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێر دەکەینەوە، ئەم بابەتە رێگەپێدراو نییە، بەپێی یاسا و رێنماییە داراییەکان، هەر گەشتیارێک دەتوانێت تەنیا دوو کارت بباتە دەرەوەی وڵات، بە مەرجێک ئەم دوو کارتە بە ناوی خودی گەشتیارەکەوە تۆمارکرابێت لە هەر بانکێکدا.
تێبینی/ بەدەر لەم رێکارە یاسایی و داراییە، گەشتیار تووشی سزای یاسای دەبێت.