پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، بە تۆمەتی بڕینەوەی دار و خەڵووزكردن، لە سنوورى سەیدسادق هاوڵاتییەک دەستگیرکرا.
بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، بڕینی داری دارستانەكان و خەڵووزكردن لەلایەن هەندێك لە هاوڵاتییان و گوندنشینانەوە بووەتە دیاردە و رایگەیاند، “هەرچەندە مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان بەردەوامن لە رێگریكردن لە سەرپێچیكاران، بەڵام هاوڵاتییان بێگوێدانە بەرپرسیاریەتیی، سروشت و ژینگەی كوردستان دەشێوێنن بەو تۆمەتە لە سنووری سەیدسادق هاوڵاتییەک دەستگیرکرا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە دوای ئەوەی زانیارییان پێدرا کە هاوڵاتییەک خەڵووزی بە شێوەی نایاسایی بارکردووە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سەیدسادق دەرچوون بۆ سنووری گوندەکانی (کانی سپیلکە و قەویلە) بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبار و پاش گەیشتنیان بە شوێنی دیاریکراو، توانییان هاوڵاتییەك دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر یەك ئۆتۆمبێل و 40 فەردە خەڵووزدا.