تیمی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی كۆبوونەوە و رایدەگەیەنن، دەبێت هەوڵەکان بەو ئاراستەیەدا بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتییان بکرێت.
تیمی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبوونەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 9ی ئایار لە سلێمانی بە سەرپەرشتی مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی کرا و لەو بارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کرد.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابورییەکان جەختكرایەوە كە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و حیزبیش پتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا رەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە؛ دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و لەئاستی جیاجیادا کە ئامانج لێیان بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان. هەر بۆیەش بڕیاردرا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامییان پێبدرێت.