ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی کانونی یەکەم، تەواوکاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنەکە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ئەنجام دەدات و ئێستا ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی لەکۆبوونەوەدایە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ڕایگەیاند، “ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە کۆبوونەوەیەکی تایبەت کە تەواوکەری کۆبوونەوەی دوێنێیە بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021”.
ئێوارەی دوێنێ مستەفا کازمی ڕایگەیاند، “عێراق لە ساڵی 2003ەوە دەناڵێنێت بەدەست بناغەیەكی هەڵەوە كە هەڕەشەیە بۆ داڕمانی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایتی بە تەواوەتی”.
کازمی وتیشی، “یان دەبێت دووچاری داڕمانی سیستمەكە ببین و بچینە ناو پشێویەكی زۆرەوە، یان دەبێت دەستبكەین بە پرۆسەی چاكسازی و ناكرێت بكەوینە هەمان هاوكێشەی گەندەڵیی پێشووەوە، یان دەبێت بارودۆخەكە باش بكەن یان دەبێت بە خەڵكی پێبكەنین”.
كازمی ئەوەشی وتووە، “ئەم قەیرانە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە پەیوەندی بە سێ دۆسییەوە هەیە، دەسەڵات و پارە و گەندەڵی، ئێمە لە گۆشەی ئابورییەوە دەست بە چارەسەری قەیرانەكە دەكەین، بە بڕیاری بوێرانە بۆ زەلیلكردنی گەندەڵی”.
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پرسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 کۆبوونەوە و دواتر درێژەی کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخرا.