ماوەیەكە پرسی زیادكردنی مووچە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بووەتە باسێكی گەرمی ناوەندەكانی میدیایی و سیاسی و پەرلەمانیی عێراق، ئەندامێكی لیژنەی داراییش وردەكارییەكەی بۆ ئێستا ئاشكرادەكات.
لەبارەی ئەوەی زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران یاخود ئەنجومەنی نوێنەراندایە و كەی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێدەكرێت؟ د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ئێستای راگەیاند، هەمواركردنەوە و زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران، لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە و ئەو لایەنە دەتوانێت گۆڕانكاری لە مووچەی فەرمانبەراندا بكات.
وتیشی، “لە ساڵی 2008ـەوە مووچە هەمواری نەكراوە، نادادی هەیە لە مووچەدا و مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكان بەهۆی جیاوازیی دەرماڵەوە هاوتای یەكدی نین، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاریش كاریگەریی كردووەتەسەر بژێویی فەرمانبەران، بە تایبەت فەرمانبەرانی هەردوو پلەی نۆ و دە، بۆیە پڕۆژەیەك لە ئارادایە بۆ زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشكرایكرد، زیادكردنی مووچە پێویستی بە داڕشتنی یاسا نییە، بۆیە پەیوەندیی بە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە نییە و لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆك وەزیراندایە.
راشیگەیاند، “لیژنەیەك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە و لە لیژنەی دارایی بانگێشتمان كردوون بۆ تاوتوێكردنی پرسی زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام كارەكانی لیژنەكە تەواونەبوون و لە پڕۆژەیاسای بودجەدا باسی زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران نەكراوە و مووچە بەم شێوەیەی كە ئێستا هەیە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵدا دیاریكراوە”.