قوباد تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەك لە كونسوڵخانەكانی ئەوروپا و نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا بە سەرپەرشتی رۆزی كەیف كونسوڵی گشتیی بەریتانیا كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان بۆ هەر دەستپێشخەرییەك راگەیاند بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی 4ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ هەڵوێستی یەكێتیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن ڕوونكردەوە و رایانگەیاند یەكێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندایە لە نزیكترین كاتدا، بەڵام داواكارییمان ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و گشتگیر بێت.
جەختیشیان كردەوە لەماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان لە چەندین بواری وەك پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەگەرییەوە رووبەڕووی رەخنەبووەتەوە و نامانەوێت بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە رووبەڕووی رەخنەی دۆستانمان ببینەوە و ناوبانگی هەرێم لەوە زیاتر لەكەدار ببێت.
هاوكات قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، لە كۆبوونەوەكانی رابردوودا لەسەر زۆربەی خاڵەكان رێككەوتن كراوە و تەنها خاڵی ناكۆكی پرسی كورسیی كۆتای پێكهاتەكانە.
لەلای خۆشیەوە، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ روونیكردەوە دیاریكردنی كورسیی كۆتا بۆ پێكهاتەكان هەر لەسەرەتاوە لەسەر داوای سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو و تەنانەت زیادكردنی ژمارەی كورسییەكانیش بۆ 11 كورسی هەر لەسەر پێشنیازی یەكێتی بووە، هەربۆیە یەكێتی چ لە رابردوو و چ لە ئێستادا زیاتر لە هەر لایەنێكی دیكە خۆی بە داكۆكیكاری مافی پێكهاتەكانی كوردستان دەزانێت.
راشیانگەیاند، “تەنها داوای یەكێتی ئەوەیە رێوشوێنێك دیاریبكرێت كە كورسیی كۆتاكان بۆ نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی پێكهاتەكان بێت، نەك بۆ نوێنەرایەتیكردنی حزبە سیاسییەكان. وتیشیان داواكارییەكەی ئێمە هەم لۆژیكییە و ئەوەندەش قورس نییە كە نەتوانرێت جێبەجێبكرێت و پێویستیشە ئەمە داواكاریی هەموو لایەنەكان بێت”.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا شاندی نوێنەرانی كونسوڵخانەكان نیگەرانی خۆیان دەربڕی كە بەهۆی دواكەوتنی هەڵبژاردنەوە ناوبانگی هەرێم لەكەداربێت و دامەزراوەكانیش شەرعییەتیان نەمێنێت، لەم چوارچێوەیەشدا داوایانكرد هەرچی زووە رێككەوتن بكرێت.
قوباد تاڵەبانی وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكارییە رایگەیاند، “پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەك دەكەن و ئامادەن لە هەر كاتێكدا كە دۆستان و هاوپەیمانەكانمان دەستنیشانی دەكەن رێككەوتن بكەن، چونكە داواكارییەكانی ئێمە تەنها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە و ئازاد و دادپەروەرە كە خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە هەست بكەن پەرلەمانی داهاتوو نوێنەرایەتیی راستەقینەی ئیرادەی ئەوان دەكات”.
جێی ئاماژە بۆكردنە، شاندی نوێنەرانی كونسوڵخانەكان بریتیبوون لە جێگری كونسوڵی فەڕەنسا، نوێنەری كونسوڵخانەی هۆڵەندا، كونسوڵی كۆماری چیك و نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن رۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی بەریتانیاوە سەرپەرشتی دەكرا.