رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان ( یونیسێف ) لە راپۆرتێکدا، رایگەیاند، رێژەی هاوسەرگیریی منداڵان، بەتایبەتی کچان، لە دەیەی رابردوودا لە جیهاندا بەردەوام لە دابەزیندایە، بەڵام زۆر بە خاوی، هۆشداری دەدات لەوەی کە نەهێشتنی ئەم دیاردەیە زیاتر لە 300 ساڵ دەخایەنێت ئەگەر شتەکان وەک ئێستا بچنەپێشەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی رێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە دەیەی رابردوودا، چەندین قەیران هەڕەشەی پووچەڵکردنەوەی ئەو دەستکەوتانە لەم بوارەدا دەکەن، لەوانە ململانێکان، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، و کاریگەرییە بەردەوامەکانی پەتای کۆڤید-19”.
بەپێی رێکخراوی یونسێف، دابەزینی جیهانی رێژەی هاوسەرگیریکردنی منداڵان دەبێت 20 هێندە خێراتر بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام کە کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیری منداڵانە تا ساڵی 2030.
راپۆرتەکە لە زاری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاترین راسێلەوە نووسیویەتی، “جیهان نوقم بووە لە قەیرانەکاندا، کە هیوا و خەونی منداڵانی بێدەسەڵات پووچەڵ دەکەنەوە، بەتایبەتی ئەو کچانەی کە دەبێ لە قوتابخانەدا قوتابی بن نەک بووک.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەموو شتێک کە لە تواناماندایە بکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان بۆ خوێندن و ژیانێکی باشتر.
لە راپۆرتەکەدا هۆشداری داراوە کە “قەیرانی تەندروستی و ئابووری، پەرەسەندنی ململانێ چەکدارییەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، خێزانەکان ناچار دەکەن لە رێگەی هاوسەرگیریی منداڵانەوە باری سەر شانیان ئاسان بکەن”.
ئاماژە بەوە کراوە کە کاردانەوەکانی پەتای کۆڤید-19 “لە ساڵی 2020ەوە ژمارەی حاڵەتەکانی رێگری و دوورکەوتنەوە لە هاوسەرگیریی منداڵان بە چارەکێک کەمکردووەتەوە”.
بەپێی راپۆرتەکە، “640 ملیۆن کچ رۆژانە لە تەمەنی منداڵیدا هاوسەرگیری دەکەن، واتە ساڵانە 12 ملیۆن کچ هاوسەرگیری دەکەن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “رێژەی ئەو ژنە گەنجانەی کە لە منداڵیدا هاوسەرگیریان کردووە، لە سەدا 21 بۆ سەدا 19 دابەزیوە بەراورد بە دوایین خەمڵاندنەکانی پێنج ساڵی رابردوو”.