زانایان وەڵامدەدەنەوە.. ساتەکانی بەر لە مردن چی لە مێشکی مرۆڤدا روودەدات؟

زانیانی توێکاری و مێشک و دەمار چالاکیی هاوشێوەی هۆشیاری و ئاگاییان لە مێشکی ئەو کەسانەدا دۆزیوەتەوە کە لە ساتەیەکەمینەکانی مردندا بوون، ئەوەش تێڕوانینێکی نوێ لای زانایان سەبارەت بە مردن دەهێنێتەکایەوە.

بەپێی رۆژنامەی گاردیان، لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Proceedings of the National Academy of Sciences  لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، توێژەران لێکۆڵینەوەیان لە چوار نەخۆش کردووە کە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە لەکاتێکدا مێشکیان چاودێری دەکرا بە بەکارهێنانی تۆمارەکانی داتای ئەلکترۆئێنسفالۆگرافی.(EEG)

هەر چوار نەخۆشەکە لە کۆمای تەواودا بوون، وەڵامی هیچ چارەسەرێکیان نەبووە و لە دەرەوەی یارمەتیی پزیشکی هەژمارکراون، بە مۆڵەتی خانەوادەکانیان ئامێری پاڵپشتیی ژیانیان لێکراوەتەوە و دواتر تووشی جەڵتەی دڵ بوون و گیانیان لەدەستدا.

پاشان زاناکان داتای چالاکییەکانی مێشکیان شیکردەوە لە ساتەکانی دوای لابردنی ئامێری پشتگیریی زیندوومانەوە، تاوەکو نەخۆشەکان مردنیان و ساتەکانی یەکەمی مردنیان.

کاتێک ئامێری زیندوومانەوەیان لەسەر هەڵگیرا، دوو لە نەخۆشەکان زیادبوونی لێدانی دڵیان دەرکەوت لەگەڵ زیادبوونی چالاکیی شەپۆلی گاما، کە خێراترین چالاکیی مێشکی پەیوەندیدارە بە هۆشیارییەوە.

جیمۆ بۆرجیگین لە زانکۆی میشیگان لە ئەمریکا کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکە دەکات دەڵێت، “ئێمە سیگناڵە دەمارییە ئەگەرییەکانی هۆشیاریمان تۆمارکرد و بینیمان کە سیگناڵی هۆشیاری لە مێشکی ئەو نەخۆشانەدا لە سەرەمەرگدا چالاکبوو”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمارکردنی ئەزموونێکی زیندوو لە مێشکێکی ناچالاکەوە لە کاتی پرۆسەی مردندا ناکۆکییەکی نوێیە لەگەڵ زانستی دەماریدا.

چالاکییەکە لەو شوێنەی کە پێی دەوترێت hotspot دۆزراوەتەوە، کە ناوچەیەکی پشتەوەی مێشکە و پەیوەندیی بە چالاکیی هۆشیاری مێشکەوە هەیە.

ئەم ناوچەیە پەیوەندی بە خەونبینین و گۆڕانی باری هۆشیاری لە توێژینەوەکانی تری مێشکدا هەبووە.

بۆرجیگین دەڵێت “رەنگە ئەوە چالاککردنی هۆشیاری ناوەوەی نهێنی و فلاشباک بێت، هەروەها دەکرێت میکانیزمێکی مانەوە بێت لە مێشکدا کە ئێمە ئەوە نازانین”.

 

بابەتی پێشتر

حكومەتی كردووەتە حكومەتێكی پۆلیسی و دەیەوێت لە گۆمی لێڵدا ماسی بگرێت

بابەتی دواتر

سەركردەیەكی چێوەی هەماهەنگی: گۆڕانكاری لە سێ پۆستی وەزاریدا دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share