لە كاتی گەڕانەوەی ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە توركیا و لەگەڵ گەیشتنیان بۆ شاری سلۆپی لە باكووری كوردستان لەلایەن هاوڵاتییانی ئەو شارەوە هێرشدەكرێتە سەریان و زیانێكی زۆر بە ئۆتۆمبێلەكانیان دەگەیەنرێت.
بەپێی ئەو زانیاریيانەی دەست پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە دهۆك كەوتوون، ژمارەیەك لەو ئۆتۆمبێلانەی هاوڵاتییانی دهۆك و زاخۆ كە ژمارەیان 12 ئۆتۆمبێل بوون لە سلۆپی جامەكانیان شكاندوون و زیانیان پێگەیاندوون.
لە زانیارییەكاندا هاتووە، ئەو هاوڵاتییانە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی و گەشتكردن روویان لە توركیا كردووە.
لە چەند ساڵی رابردووشدا بە هەمان شێوە لە شاری سلۆپی هێرشكرایە سەر ئۆتۆمبێلی ژمارەیەك لە گەشتیارە كوردەكان لەو شارە و زیان بە ئۆتۆمبێلەكانیان گەیەندرا.