هەوڵدەدرێت مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا زیادبكرێت و هاوڵاتییانی ناوچە دابڕاوەكانیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كارورباری كۆمەڵایەتیی عێراق، لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و راگەیەندراوی وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، پرسی زیادكردنی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان تاوتوێكراوە.
مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەدرێت بە كەمدەرامەتان، لەگەڵ ئەو كەسانەی ئەندامێكی خێزانەكەیان خاوەن پێداویستیی تایبەتە، دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەگرێتەوە و بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی كار و كارورباری كۆمەڵایەتی، لە تاوتوێكردنی ئەوەدان مووچەی ئەو كەسانە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرسێ ساڵی 2023، 2024 و 2025ـدا زیادبكرێت.