قوباد تاڵەبانی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی یۆنان و وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتە کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوریی دێڵفی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە سانۆس دۆکۆس راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی یۆنان و یۆریۆس یۆریانتەس وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، “لە کۆبوونەوەی یەکەمدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە چۆنییەتی پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان و لەم چێوەیەشدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی یۆنان، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەرێم و بە تایبەتیش لە بواری راوێژدان بە هێزە ئەمنییەکاندا”.

هەردوولا بە پێویستیان زانی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات دروستبکرێت، راگەیەندراوەكە وا دەڵێت و راشیگەیاندووە، “لە کۆبوونەوەی دووەمیشدا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی یۆنان، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاکرا لە بواری کشتوکاڵدا، بە تایبەتیش جەختکرایەوە لەسەر گواستنەوەی ئەزموونی یۆنان بۆ کوردستان لەڕووی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێرییەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، “کوردستان ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە و دەرفەتی لەباریش هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و داوایکردووە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنان بدرێت بێنە کوردستان، ئامادەییشی دەربڕیوە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکرێت بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە”.

بابەتی پێشتر

بەریتانیا بڕیارێکی نوێی لەبارەی کۆچبەرانەوە دەرکرد

بابەتی دواتر

کارەبای سلێمانی ژمارەیەک هەلی کاری راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share