نەخۆشخانە منداڵانی سلێمانی: گومان دەکەین هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان زنجیرەیەکی تازەی ڤایرۆسی بێت

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، گومانمان هەیە ئەوەی ئێستا بڵاوبووەتەوە زنجیرەیەکی تازەی ڤایرۆسی هەوکردنی پەردەی مێشک بێت، هۆکاری بڵاوبوونەوەی زۆریشی تێکەڵاوی و بەرکەوتنی زۆر بەهۆی قوتابخانەکان و هەروەها رۆژانی جەژنەوە بێت.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر پشدەر عەبدوڵا رایگەیاند، ئاماری حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا بەرزن، رۆژانە سەروو پێنج حاڵەت لە نەخۆشخانەکەمان دەستنیشان دەکرێت.

وتیشی، “لەگەڵ ئەوەی ئێمە رۆژانە حاڵەتە سووکەکان پشکنینیان بۆ ناکەین و دەیاننێرینەوە ماڵەوە بەڵام رۆژانە حەوت بۆ هەشت حاڵەت یەکلایی دەبێتەوە کە هەوکردنی پەردەی مێشکیان هەیە”.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، “پێمانوایە ئێستا لە لوتکەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەداین و نازانین چەند کات دەخایەنێت، چونکە ئێمە نازانین سروشتی ڤایرۆسەکە چۆنە تەنانەت ئەگەر بەکتریاش بێت ئێمە نازانین سروشتیان چۆنە”.

باسی لەوەکرد، کە لەگەڵ ئەوەی ژمارەی حاڵەتەکان بەرزە، بەڵام خۆشبەختانە منداڵەکان وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەرەکان زۆر باشە، دوای دوو بۆ سێ رۆژ نیشانەکانیان نامێنێت و ئێمە بۆ ماوەی 10 رۆژ دەیانهێڵینەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەواو، دوای ئەو ماوەیە هیچ کێشەیەکیان نامێنێت”.

دڵنیاییدا کە تائێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان لێکەوتەی خراپ بەوهۆیەوە تۆمارنەکراوە، هۆکارەکەشی بۆ شارەزایی پزیشکانی منداڵان دەگەڕێتەوە لەگەڵ نەخۆشییەکە، جیاوازیی ئەمجارە لەگەڵ پێشووتر ئەوەیە خێراتر بڵاوبووەتەوە و ژمارەکە زۆرە بەراورد بە پێشووتر حاڵەتەکان چەند بەرامبەرن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وتی، هۆشیاریی دایکان و باوکان زۆر گرنگە چونکە نازانین نەخۆشییەکە چ زنجیرە ڤایرۆسییەکە؟ ئایا هەروا دەمێنێتەوە یان بەرەو کوشندەیی دەڕوات؟ بۆیە گرنگە دایکان و باوکان هۆشیارییان هەبێت بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی.

ئامۆژگاریی دایکان و باوکانی کرد، کە هەر منداڵێک تا و سەرئێشەی هەبوو دووریبخەنەوە لە منداڵانی دیکە، رێگەنەدەن بچێتەوە قوتابخانە و لە بەکارهێنان دەستشۆر، خاولی، کەوچک و قاپیشدا چاودێریی بکەن کە بەکارنەهێنرێتەوە هەروەها پێویستە ئەو منداڵانە ماسک بەکاربهێنن.

هۆشداریدا لەوەی لە ئەگەری پشتگوێخستنی هەر منداڵێک کە نیشانەی نەخۆشییەکەی هەبێت لێکەوتەی خراپی دەبێت و پێویستە دەستبەجێ پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بیبینێت.

لێکەوتەکانی نەخۆشییەکە بریتیین لە لەدەستدانی بینایی، بیستن و قسەکردن، ئیفلیجیی مێشک و لەدەستدانی توانای زیرەکی.

بابەتی پێشتر

نوێترین هەواڵ لەسەر گەڕانەوەى مێسی بۆ بەرشلۆنە

بابەتی دواتر

گوگڵ هەزاران كارمەند دەردەكات و زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاریش بە بەڕێوەبەرەكەی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share