نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی زۆربوونی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا زۆر بووە و ئەگەر زوو چارەسەر بکرێت مەترسیی نییە، بەڵام چارەسەرنەکردنی دەبێتەهۆی مردن، ئیفلیجی و مەترسیی دیکەش.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا رایگەیاندووە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادیان کردووە، سەبارەت بە هۆکارەکانی بڵاونەکردنەوەی زیادبوونی نەخۆشییەکە چەند هۆکارێکی خستووەتەڕوو لەوانەش، بەمەبەستی دروستنەکردنی دڵەراوکێی زۆر لای هاوڵاتییان.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا چەند هۆکارێکی دیکەی باسکردووە.

دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی:

سەبارەت بە زیادکردنی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك

ماوەی زیاتر لە مانگێکە حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادیان کردووە بەڵام بۆ بڵاومان نەکردووەتەوە:

١-بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لای هاوڵاتییان بڵاونەبێتەوە،چونکە ئەو حاڵەتە لای هاوڵاتییان زۆر بە مەترسیدار سەیر ئەکرێت.

٢-هەر لەسەرەتای زیادکردنی حاڵەتەکان بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی سلێمانیمان ئاگادارکردەوە.

٣-هەموو رۆژێک جگە لە هەینی رۆژانە لە نەخۆشخانە چالاکیی زانستیمان هەیە کە زۆربەی پزیشکەکان بەشداری تێدا دەکەن، گفتوگۆ ئەکرێت لەسەر هەموو حاڵەتەکان ،چەند جارێک لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی زانستیانە کراوە لە کۆبوونەوەی زانستیی رۆژانەی نەخۆشخانەکەمان.

٤-هەموو رێکارێکی زانستیمان گرتەبەر بۆ دیاری کردنی هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکان و چارەسەریش دیاری کراوە.

٥-چەندین ساڵە بەردەوام حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشك هەر هەبووە بەڵام ئەم ماوەیە زۆر زیادی کردووە، پزیشکەکانمان ئاشنان بە نەخۆشیەکە و چارەسەریش بەردەستە بۆیە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێی زیاد لە پێویست ناکات ،تەنها ئەگەر نیشانەکانی کە لە خوارەوە باسمان کردووە تێبینیت کرد بەزوویی بیهێنە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.

٦-شێوازی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەو نیشانەکان و شیکاری تاقیگەیی زۆربەیان دەردەکەوێت کە هۆکاری بەشی هەرەزۆریان ڤایرۆسییە بەڵام بەشێکیشیان بەکتریایە.

٧-بەشی هەر زۆریان چارەسەریان بۆ کراوەو بەشێکیشیان لە ژێر چارەسەردان،پشتیوان بەخودا ئەوانی تریش بەبێ کێشە چارەسەریان بۆ ئەکرێت.

٨-پێشریش چەند جارێک زانیاریمان لەسەر نەخۆشیەکە بڵاوکردۆتەوە بۆ ئەوەی دایک و باوک زانیاری تەواویان لەسەر نەخۆشیەکە هەبێت.

لە خوارەوەش زانیاریەکانتان بۆ دائەنێین.

هەوکردنی پەردەی مێشک چیە؟ نیشانەکانی چین؟ ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوکێشە تەندرووستیانە چین کە منداڵەکە لەوانەیە تووشی ببێت؟

بریتیە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکه پەتک.

هۆکارەکانی:

لەوانەیه بەکتریا ، ڤایرۆس ، شێرپەنجە ، دەرمان ، یان پاڕاسایت بێت.

نیشانەکانی لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانەی خوارەوە بێت:

بۆ منداڵی بچووکتر لە ۳ مانگ:

۱- شیرخواردنی کەم ئەبێتەوە.

۲- ڕشانەوە.

۳-بێزاری و ازعاج بوون .

٤- تای بەرز.

٥-گەشکە.

٦-لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.

۷- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێ هێز .

۸- شەکرەی خوێنی دابەزێت.

۹- ئەو بەشەی لە کەللەی سەردا مەڵاشووی پێ  ئەڵێن بەرەودەرەوە دەرئەچێت.

نیشانەکانی لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانە  بێت:

۱-ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.

۲- سەرئێشە.

۳-هەستیاری بە ڕووناکی زیاد ئەکات ،واتە بە ڕووناکی ازعاج ئەبێت.

٤-تای بەرز.

٥- هۆشی منداڵەکە تێک ئەچێت.

٦- بێ تاقەتی و ازعاج بوون.

۷- لەوانەیە گەشکەی لێبدات.

۸- ملی ڕەق ئەبێت.

بۆ دیاری کردنی نەخۆشیەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت ، بە داخەوە زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە ڕێگە نادەن ئەو شیکارە بکرێت کە زۆر ئاسانەو هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە درووست ناکات.

ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت منداڵەکە لەوانەی ڕووبەڕووی چ کێشەیەکی تەندرووستی ببێتەوە؟

۱- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.

۲- کێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.

۳- کێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات.

٤- گەشکەی بەردەوام.

٥- ئیفلیج بوون.

٦- زیرەکی و ئاستی توانای مێشکی کەم بێتەوە.

تکایە هەرگیز لەبەر کەلەڕەقی بەڕێزت ژیانی منداڵەکەت مەخەرە مەترسییەوە.

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندی لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە

بابەتی دواتر

قائیمقامیەتی سلێمانی فڕنێکی کولێرەی داخست

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گۆتێرێش: کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یادی دوو ساڵەی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19دا جەختیکردەوە، پەتای جیهانیی کۆڤید-19 کۆتایینەهاتووە، هەروەها دابەشکردنی ڤاکسینیش…
Total
0
Share