گرفتێكی ملیاران دۆلاری رێگرە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم

ئاژانسی بلۆمبێرگ ئەو رێگرییانە ئاشكرادەكات كە لە بەردەم رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەندایە دەربارەی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی جیهان لەڕێی بەندەر و بۆرییەكانی نەوتی توركیاوە و دەشڵێت، سەرلەنوێ ناردنەوەكە چەندین مانگی پێویستە.

تۆڕەكە روونیكردەوە، حكومەتی عێراق “پێویستی بە چارەسەری كێشە ئابورییە هەڵپەسێردراوەكانە لەگەڵ توركیادا كە بەهاكەی دەگاتە ملیارەها دۆلار” و دەشڵێت، “ئەنقەرە راوەستاندنی نەوت وەك سەرچاوەیەكی فشار لەسەر بەغداد بەكاردەهێنێت بۆ ناچاركردنی لەسەر تاوتوێكردنی ئەو كێشانە”.

هەروەك لە زاری رۆبن میلز، دامەزرێنەری كۆمپانیای مانگ بۆ راوێژ لە بواری وزە دەڵێت، ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان بەغداد و ئەنقەرە دەبێتە هۆی “پەكخستنی سەرلەنوێ ناردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكان بۆ ماوەی چەند مانگێك، بەر لە چارەسەركردنی”.

وتیشی، “سەری كێشەكە ئێستا توركەكانن”، وەك ئاماژەیەك بۆ چارەسەربوونی پێشتری ئەو پرسە لەنێوان هەولێر و بەغداددا.

حكومەتی توركیا وەڵامی پرسیاری تۆڕەكەی نەداوەتەوە لەبارەی ئەو هۆكارانەی پاڵنەرین لەسەر رەتكردنەوەی سەرلەنوێ هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەرەكانیەوە، یان ئەو ئامانجانەی دەیەوێت بیانهێنێتەدی لەڕێی ناچاركردنی بەغداد بۆ وتوێژی راستەوخۆ لەسەری.

دوێنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، هەناردەی نەوت لە هەرێم و كەركوكەوە كە دەگاتە نیو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕەكان.

شارەزایان زیانەكانی پەككەوتنی هەناردەی نەوتی كەركوك و هەرێم بۆ جیهان بە نزیكەی 35 ملیۆن دۆلاری رۆژانە دەخەمڵێنن، وەك ئاماژەیەك بۆ پەككەوتنەكەی كە تائێستا نزیكەی سێ هەفتەیە، كۆی زیانەكانی ئەم ماوەیە گەیشتووەتە زیاتر لە 735 ملیۆن دۆلار، هەر مانگێك دواكەوتن زیانەكانی زیاترە لە ملیارێك دۆلار.

بابەتی پێشتر

سەرۆكە هەڵاتووەكەی دیوانی وەقفی سونی دەستگیركرایەوە

بابەتی دواتر

لەكاتی دابەشكردنی هاوكاریدا لە یەمەن 85 كەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە، ئەوەش دوای سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان گرووپی ڤاگنەر و حکومەتی روسیا…
Total
0
Share