بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، هەڵمەتی هێڵکاریکردنی شەقامەکانی ناوشار و رێگاکانی دەرەوەی شاری سلێمانی دەستپێدەکات.
لەبارەی هەڵمەتەكەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هێڵکاریکردنی شەقامەکانی ناوشار و رێگاکانی دەرەوەی شار، لەلایەن بەڕێوەبەرێتیی بەشی ئەندازە، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی سلێمانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە جێبەجێدەکرێت.
ئەندازیار هەرێم ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، هەڵمەتی هێڵکاریکردنەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ئامادەکارییەکانی دەستپێكراون و ئەمڕۆ سێشەممە دەستکراوە بە هێڵکاریکردنی شەقامی هەواری شار بەرەو بازگەی دۆڵەڕووت وەک یەکەم قۆناغ و لە قۆناغەکانی داهاتوودا، سەرجەم شەقامەکانی ناوشار و رێگاکانی دەرەوەی شار هێڵكارییان بۆ دەكرێت.