هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام كە لەسەر بڕیاری سەرۆكی یەكێتی ئەنجامدەدرێت گەیشتە ناحیەی زەڕایەن و بەرپرسێكی دارستان و پاوانیش دەڵێت، هەڵمەتەكە پێشوازییەكی بەرچاوی لێدەكرێت.
لە درێژەی هەوڵەکان بۆ سەوزکردنی کوردستان، قۆناغێکی تری هەڵمەتی رواندنی یەك ملیۆن نەمام لەسەر بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزای شارەزوور، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سنوورەکە بەڕێوەچوو.
هاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، ئەمڕۆش هەڵمەتی سەوزکردنی دارستانی زەڕایەن سەر بە هۆبەی دارستان و پاوانی شارەزوور بەڕێوەچوو، لە هەنگاوی یەکەمدا توانیمان هەزاران نەمام بڕوێنین.
وتیشی، “کاروباری هەڵمەتەکەمان چڕترکردۆتەوە و تائێستا قۆناغی زۆرباشی بڕیوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێدەکرێت لەلایەن لێپرسراوان و هاوڵاتیانی ناوچەکانەوە و بەهەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ زیادکردنی رووبەری دارستانەکان”.
هەڵمەتەکە رواندنی نەمامی نوێشی لەخۆگرتووە لەجێی فەوتاوەکان، سەرباری فەراهەمکردنی هەلی کار و دابینکردنی پێداویستییەکانی وەک سیاج و کردنەوەی رێگا وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی ئاودان، وەك ئەوەی هاوكار جەلال ئاماژەی پێدا.