ئەنجومەنی فەتوای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، “رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لیژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكان بڕیار لەسەر یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەدات”.
مەلا عەبدوڵا شێركاوەیی بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێمە لە ئەنجومەنی فەتوا لیژنەی باڵای بینینی مانگمان هەیە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 20ی ئەم مانگە لیژنەكە بۆ بڕیاردان لەسەر یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی دەدات.
لای خۆشییەوە نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان پشت بە زانیارییە فەلەكناسییەكان نابەستین و لیژنەی باڵای بینینی مانگ دوا بڕیار دەدات.