بافڵ جەلال تاڵەبانی: خەمساردی حكومەتی هەرێم دەرحەق بە كەسوكاری ئەنفالكراوان و فەرامۆشكردنی داوا رەواكانیان مایەی نیگەرانییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵڕۆژی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەنێت،” 35 ساڵ لەمەوبەر باشووری كوردستان رووبەڕووی یەكێك لە دڕندانەترین تاوانەكانی مێژووی مرۆڤایەتی بووەوە، تاوانێك كە هەموو سنوورەكانی تێپەڕاند و ئامانجەكەی تەنها شەهیدكردن و بێسەروشوێنكردنی خوشك و براكانمان نەبوو، تەنها بە وێرانكاری و لەناوبردنی ئاوەدانییەوە نەوەستا، بەڵكو هەوڵێكی گەورە بوو بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی میللەتەكەمان”.

سەرۆكی یەكێتی جەختدەكاتەوە، “ئەنفال برینێكی گەورەیە لەسەر دڵمان و ئازارێكی نەبڕاوەیە لە رۆحماندا، ئەنفال وانەیەكی مێژووییە و نابێت لە بیری بكەینن نابێت كۆمەڵكوژكردنی 182 هەزار كەس بە پیر و گەنج و منداڵەوە لەیاد بكەین و هەموو لێكەوتە خراپەكانی ئەنفال فەرامۆش بكەین، ئەنفال تەنها كارەساتێك نییە بۆ یادكردنەوە، بەڵكو پەند و وانەیەكی مێژووییە تاوەكو لێوەی فێربین و بە یەكێتی و یەكگرتووییمان رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەموو هێرش و تاوانێكی لەو شێوەیە بكەین.

لە پەیامەكەی سەرۆك بافڵدا هاتووە، ئاساییە لە كوردستان هێز، لایەن و رەنگی جیاواز هەبن، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بكەین كە هەموومان وەك كورد خاوەنی یەك چارەنووسی هاوبەشین، بۆیە دەبێت پاراستنی كوردستان و سەرفرازیی خەڵكەكەی، لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانەوە بێت و ئەنفال ئەو وانە مێژووییە بێت كە هەمیشە لە یادەوەریماندا ئامادەیی هەبێت”.

هەر لە پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، “خەمساردی حكومەتی هەرێم دەرحەق بە كەسوكاری ئەنفالكراوان و فەرامۆشكردنی داوا رەواكانیان، مایەی نیگەرانییە و دەبێت هەمووان ئەو راستییە بزانن كە گەرمیانییە تێكۆشەرەكان پشكی شێریان لە مێژووی خەباتی كورد و بەدیهێنانی ئەم ئەزموونەدا هەیە، بۆیە پشتكردنە گەرمیان و گەرمیانییە قارەمانەكان بێوەفاییەكی گەورەیە بەرامبەر خوێنی شەهیدان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختدەكاتەوە، بەرپرسیارێتیی حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەرانە تاوەكو ئەركە دەستووری و مرۆییەكانی خۆیان جێبەجێبكەن و بەشێكبن لەو هەوڵە مێژوویی و ئەخلاقییانەی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و ساڕێژكردنی زامەكانیان دەدرێت، هەموو هەنگاوێكی لەو شێوەیەش، ئاماژەیەكی جدییە بۆ ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەكی گەشتر و دروود بۆ رۆحی پاكی شەهیدان و سڵاوی ورە و خۆڕاگری بۆ كەسوكارە سەربەرزەكەیان.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: ئەنفال پڕۆسەیەك بوو بۆ سڕینەوە و پاكتاوكردنی هەموو گەلی كورد

بابەتی دواتر

وەزیری ژینگەی عێراق: بانكی نێودەوڵەتی هاوكار دەبێت لە تێپەڕاندنی كاریگەرییەكان لەسەر كەشوهەوای عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاسایشی هەولێر: تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە و هیچ کارمەندێکمان بریندارنەبووە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە کە هەوڵی هەڵاتنی دراوە، بەڵام هیچ کارمەندێکیان بریندارنەبووە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە،…
Total
0
Share