وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان داوایەك ئاراستەی حكومەتی عێراق دەكات

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ساڵڕۆژی ئەنفالدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە دەڵێت، هەموو توانا و هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ و بۆ خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و جەختیش دەكەینەوە كە حكومەتی عێراقی چیتر پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و بەئەركی یاسایی و دەستووریی خۆی هەستێت و زەمانەتی ئەوە بدات كە ئەمجۆرە كۆمەڵكۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان:-

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان…

(٣٥) سی و پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەفەرمانی راستەوخۆی سەرانی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە عێراق، گەورەترین و بەرفراوانترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامدا.

ئەنفال یەكێك بوو لەو زنجیرە پلانە دڕندانانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ قڕكردنی نەژاد و ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی مۆركی نەتەوەییمان لەسەر خاك و زێدی ڕەسەنی خۆمان.

ڕژێمی بەعسی ڕووخاو كە دارێژەر و جێبەجێكاری ئەو بەرنامەیەبوو، جگەلە تەختكردن و وێرانكردنی دێهاتەكان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەی و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێكاندا، بەعس جگە لەپاكتاوی جەستەیی گەلەكەمان، كەلتور و زمان و ژینگە و سروشتی كوردستانیشی جینۆسایدكرد، بەو ئامانجەی جارێكیتر خاك ئاو و هەوای كوردستان جێگەیەكی شیاو نەبێت بۆ ژیان،

بەڵام كەمتر لە (3) سێ‌ ساڵ دوای ئەو شاڵاوە دڕندانەیە و لە ئازاری ساڵی 1991 كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەسەرجەم چین و توێژەكانەوە ڕاپەڕین و لە چەند رۆژێكدا تەواوی شارو شارۆچكەكانی كوردستانیان لە بەعس پاككردەوە و بۆ هەتاهەتایە كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ئەو رژێمە هێنا كە ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید و سەدان تاوانی دژبەمرۆڤایەتیان دژ بە گەلەكەمان ئەنجامدابوو.

كەس و كاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال

لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاكەیان لەسەر كەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەكانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو بڕیارەی كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو بڕیاری بە سزا گەیاندنی ئەنجامدەرانیشیدا.

بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو كارەساتە دەكاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگریت،بۆئەمساڵیش بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدانمان دیدارێكی گرنگ لەشاری هەولێر بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ و ئەكادیمیان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی ئەنجام دەدات.

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی جینۆساید..

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەك ئەركێكی سەرەكی بەردەوامە لەهەوڵەكانی بۆ زیاتر ناساندنی كەیسە جیاوازەكانی جینۆساید كە دەرهەق بە گەل و خاك و ژینگەی كوردستان كراوە، ویست مەرامی وەزارەت ئەوەیە كە ئەم تاوانانە لە ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتیەكان زیاتر بناسێنێت، هاوكات هەموو توانا و هەوڵەكانیشمان دەخەینەگەڕ و پەرۆشی ئەوەین كە خزمەتی زیاتری كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆساید بكەین، چونكە شایانی ئەوپەڕی خزمەتكردنن، هەر بۆیە جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و كەسوكاری قوربانیان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات كە ئەمجۆرە كۆمەڵكۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان…

سەربەرزی بۆ خانەوادە كانیان…

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان

14ی 4ی 2023

بابەتی پێشتر

60 ملیۆن دینار قەرز بە هاوڵاتییان دەدرێت

بابەتی دواتر

دوای 11 رۆژ تەرمی دوو كەسە ونبووەكەی كۆمەڵگەی سیرێی سنووری شیلادزێ دۆزرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بۆردومانی كەمپی مەخمور كرا

كەمێك پێش ئێستا كەمپی مەخمور بۆردومان كرا و تاوەكو ئێستا زەرەر و زیانەكانی نەزانراون. بەپێی زانیارییەكان، بۆردومانی كەمپی…
Total
0
Share