حكومەتی راسپاردە لەژێر فشارێكی زۆردایە بۆ دابینكردنی مووچە و ئەگەر نەتوانێت لە بەغداد قەرزبكات لەبەردەم مایەپووچبووندایە و سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت،
بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی نیسان حكومەتی راسپاردە لەژێر فشاردایە و هیچ گرەنتییەك نییە بتوانێت ئەو مووچەیە دابیبنبكات، چونكە لەلایەن هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم راگیراوە، لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی یەكلانەبوونەوەی پەسەندكردنی یاسای بودجە بەغداد ناتوانێت پشكی هەرێم لە بودجە بنێرێت.
تەنها دەروازە لەبەردەم حكومەتی راسپاردە دووبارە قەرزكردنە لە حكومەتی عێراق، بەمەش زیادكردنی بڕی ئەو قەرزانەی لەسەری كۆبووەتەوە.
لە ئەگەری بەتەنگەوەنەهاتنی بەغدادیش بۆ ئەو داواكارییە حكومەتی راسپاردە تەنها راگەیاندنی مایەپووچبوونی تەواوەتی بۆ دەمێنێتەوە.
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەگەر بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و ناوەنددا ئەنجامدراوە نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، پارەكەی دەبێت دابینبكرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و خەرجییەكانی دیكە.
وتیشی، “بەپێی رێككەوتنەكە ئایا تا یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت یان نا دیارنییە، بەڵام ئەوەی روونە ئەگەر رێككەوتنەكە بە باشی جێبەجێ نەبێت كێشە بۆ مووچە دروستدەبێت”.
لەئێستادا دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و بڕیارە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشبكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بڕی 400 ملیار دینار قەرزكرایە.